کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات ترسی لە دڵی ڕێژیمی ئێران خستووە

12:52 - 27 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ناوەندە سایبێرییەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشە لە خەڵک دەکەن کە لە سۆشیاڵ میدیادا گوێ لە حیزبی دێموکرات نەگرن.

ڕێژیمی ئێران بۆ چاوەدێری بە سەر خەڵکی کوردستاندا، هەڵسوکەوتی خەڵکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خستووەتە ژێر چاوەدێری و هەڕەشەیان لێ دەکات.

ڕێژیمی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە فەرمی پەیام بۆ بەکارهێنەرانی دنیای مەجازی دەنێرێت کە نابێت کاناڵەکانی نزیک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چاو لێ بکەن و بەدوای هەواڵ و زانیارییەکانی ئەو کاناڵانەدا بکەون.

لەو بارەوە بە شێوەی تایبەتی نامە بۆ خەڵک دەنێرن و هەڕەشەیان لێ دەکەن، کە لەو کاناڵانەی لە کە حیزبی دێموکراتەوە نزیکن، دوور بکەونەوە و بلۆکیان بکەن.

بنکە سایبێرییەکانی ڕێژیمی ئێران هۆشدارییان بە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوە، کە لایککردنی پۆستەکانی حیزبی دێموکرات بە مانای ئەوەیە کە ئێوە پشتیوانی لەو حیزبە دەکەن، بۆیە دەبێ ئەو پەیجانەی حیزب ڕیپۆرت بکەن.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەوڵی داوە، کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی حیزبی دێموکرات هەک بکات یا لە ڕێگای دیکەوە پێش بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیارییەکانی حیزبی دێموکراتەوە بگرێت.