کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: خەڵکی کوردستان مانگرتنی گشتی بەڕێوە ببەن

19:01 - 18 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێكدا داوای لە سەرجەم خەڵکی کوردستان کرد، مانگرتنی گشتی بەڕێوه ببەن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

خەڵکی بەهەڵوێستی کوردستان،


مانگرتنی کاسبکاران و خەڵکی بانە و جوانڕۆ دژ بە داخستنی سنوورەکان کە دواتر شارەکانی مەریوان، پیرانشار و سەقزشی گرتەوە و هەر لەو پێوەندییەشدا ناڕەزایەتی لە چەند شار و شوێنی دیکەی وەک ورمێ و بازرگانیش بە دوادا هات، لە بەشێکی ئەو شارانەدا مانگرتووان وێڕای داخستنی دووکان و شوێنی کاریان سفرەی بەتاڵیان ڕاخست و شێوەیەکی نوێیان لە ناڕەزایەتیدەربڕین هێنایە ئاراوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ کۆتاییهێنان بەم مانگرتنە بەتایبەت لە بانە نوێنەری خامنەیی ڕەوانەی ئەو شارە خۆڕاگرە کرد، بەڵام خەڵک نەک باوەڕیان بە هێندێ بەڵێنی سەرزارەکی ناوبراو نەکرد، بەڵکوو قسەی دڵی خۆیان کرد و توڕەیی و بێزاریی خۆیان لە سیاسەتی هەژاری و بێکاری کە دەستکردی ڕێژیم و دەزگا سەرکووتکەرەکانییەتی دەربڕی. بە دوای ئەوەدا هێزەکانی ڕێژیم گەمارۆی بانەیان دا و ئەوجار بە هەڕەشە، گرتن و دەسبەسەرکردنی ژمارەیەک لە مانگرتووان ویستی ئەو حەرەکەتە ئارام و بەرحەقە کۆتایی پێ بێنێ، کە ئەوەش مەبەستی ڕێژیمی نەپێکا و خەڵکی بانە بەسووربوون لەسەر مانگرتن، ئیرادە و بەردەوامییان لەسەر هەڵوێستی خۆیان نیشان دا.

بە کورتی نە بەڵێنی بێکردەوە و نە هەڕەشە و گوشار نەیانتوانی ئەو ئیرادە بەهێزەی خەڵکی بانەی خۆڕاگر لاواز بکەن.

هەتا ئێستا لە ڕەوتی ئەو گوشار و گرتن و بێسەروشوێنکردنەدا دەیان کەس لە شارەکانی کوردستان دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون. ئێستا مانگرتنی خەڵکی بانەی بەهەڵوێست و خۆڕاگر لە ٣ حەوتوو تێپەڕ دەبێ و مانگرتن هەروا بەردەوامە.

لەم هەڵومەرجەدا و لە درێژەی ئەو مانگرتنەدا پێویستە ڕوو لە هاونیشتمانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین، کە بەرانبەر بەم ڕەفتارە دژەی ئینسانییە کە دەرحەق بە مانگرتووانی شارەکانی بانە و گیراوانی شارەکانی دیکەی کوردستان دەکرێ بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبن. چوونکە ئەم حەرەکەتە تەنیا لە چوارچێوەی شارێک و دوو شار و تەنانەت ناوچە سنوورییەکاندا قەتیس نەبووەتەوە و بە چارەنووسی ژیانی بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان بەستراوەتەوە. رێژیم لە جیاتی دابینکردنی کار و سەرچاوەی داهات بۆ خەڵکی کوردستان دەیەوێ ئەو دەرەتانە کەمەش کە لە ڕێگای کۆڵبەری و کاسبی سەر سنوورەوە دابین دەبوو لێیان بستینێتەوە و لەو ڕێگایەوە مڵکەجی ویست و سیاسەتەکانی خۆیان بکات.

لەو پێوەندییەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای مەحکوومکردنی ئەو ڕەفتارە نامرۆڤانەیەی ڕێژیم، پشتیوانی لە داخوازە ڕەواکانی مانگرتووانی شاری بانە و هەموو شارەکانی کۆردستان دەکا و لەو باوەڕەدایە کە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەتوانێ پاشەکەشە بە ڕێژیم بکا و لە نانبڕی و برسی کردنی خەڵکی کوردستان وەک ڕەفتارێکی نامرۆڤانە بیگێڕێتەوە.

هیوادار و چاوەڕوانین شاهیدی دەنگهەڵبڕینێکی گشتی و جەماوەری بین و بەم هەڵویستە تێکڕاییە چاوەڕوانی خەڵکی خۆڕاگری بانە لە پشتگیری لە خۆیان وەدی بێنین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی سیاسی
١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی