کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: خەڵکی کوردستان نیشانی دا کە پشتیوانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆیانن

15:12 - 1 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی دوایین دانیشتنی خۆی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا سپاسی خەڵکی کوردستانی کرد.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ ئاگاداری ڕای گشتی ڕادەگەیەنین کە ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٢ی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی کۆبوونەوەی خۆی پێک هێنا.

  کۆبوونەوەکە بە ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستی بە کارەکانی کرد.

 سەرەتا بەڕێز حەسەن شەرەفی بەرپرسی ناوەندی سیاسی، باسێکی لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامەی کاریی کۆبوونەوە و هەروەها ئەو باس و بابەتانەی کە لەو هەلومەرجەدا پێویستە گرینگییان پێ بدرێت، پێشکەشی کۆبوونەوە کرد.

 بەشدارانی کۆبوونەوەکە لە پێوەندی لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ڕاوبۆچوونەکانی وڵاتان، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد و ئێرانی و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان لە پێوەندی لەگەڵ مووشەکبارانکردنی بنکە و بارەگاکانی دێموکرات و شەهیدکرانی ١٦ کادر و پێشمەرگە و برینداربوونی زیاتر لە ٤٠ کەس پاش دەربڕینی ڕاوبۆچوونی خۆیان بەم ئاکامە گەیشتن کە هەڵوێست و ڕادەربڕینی ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی ئەرێنی بوون، بە تایبەت ئەوەیکە بۆ یەکەم جار لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەفتاری کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە حیزبی دێموکرات کەوتە بەرباس کە ئەوە لەخۆیدا هەنگاوێکی نوێ بوو لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا.

هەڵوێستی بەشێک لە لایەنە کوردییەکان ئەرێنی و بەشێکی دیکە هەرچەند بارتەقای چاوەڕوانییەکانی ئێمە نەبوون و تا ڕادەیەک بەرژەوەندی حیزبی و ڕێکخراوەییان تێدا ڕەچاو کرابوو، بەڵام هەر ئەوەندە کە لە ئاست ئەو کردەوەیەی کۆماری ئیسلامیدا بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبوون جێگای پێزانینە.

کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی ئەو هەڵوێست گرتنانەدا، هەڵوێستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەدەنگ بانگەوازی زۆربەی حیزب و ڕێکخراو و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانەوە بۆ مانگرتنێکی گشتی و بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هاتن و بەم حەرەکەتەیان کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان تاساند، بە هەڵوێستی مێژوویی، پڕبایەخ، شوێندانەر و جێگای ڕێز و پێزانین زانی.

ئەوەش لە ڕاستیدا بەرهەمی فیداکاری و لەخۆبردوویی خەڵکی کوردستان بوو کە نیشانی دا پشتیوانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆیانن و ئەوان بە نوێنگەی ویست و داخوازە نەتەوەیی و سیاسییەکانی خۆیان دەزانن. هەروەها بەرهەمی ئەو یەکهەڵوێستی و یەکدەنگییەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کورد بوو کە لە شێوەیەکی کەم‌وێنەدا خۆی دەرخست، هەر بۆیە ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕی، حیزبی ڕاسپارد پەرە بەم یەکدەنگی و یەکهەڵوێستییە بدرێ و ڕێگا بە هێندێ کردار و وتار نەدرێ کە یارمەتی بە بوونی کەش و هەوایەکی سالمی سیاسی ناکا کە لەو هەلومەرجەدا زۆر پێویستە.

 کۆبوونەوەی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جارێکی دیکە لە سەر ئەو باس و بابەتانەی کە لە کۆبوونەوەی هاوبەشی  ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕی حیزبدا لە پێوەندی لەگەڵ بردنەسەری باری ئەمنییەتی هاوڕێیان و بنکە و بارەگاکانی حیزب ئاماژەیان پێدرابوو پێی داگرتەوە و ڕێکاری ئەم گرینگەی دەسنیشان کردن.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆبوونەوەی ناوەندی سیاسیدا پێشنیاری لێپرسراوی گشتیی حیزب بەڕێز کاک مستەفا هیجری لە پێوەندی لەگەڵ ناساندنی هاوڕێی بەڕێز کاک محەممەد نەزیف قادری وەک جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتی کەوتە بەرباس و لە ئاکامی دەنگ وەرگرتنێکی ئەندامانی ناوەندی سیاسی لەگەڵ ئەم پێشنیارە موافقەت کرا و کاک محەممەد نەزیف قادری بە تێکڕای دەنگی بەشدارانی کۆبوونەوەکە وەک جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتی هەڵبژێردرا.

 کۆبوونەوەکە لە پێوەندی لەگەڵ بەرینترکردنەوەی کار و چالاکییەکانی حیزب لە هەموو شێوەکانی جۆراوجۆری خەباتدا چەند ڕاسپاردەیەکی دەسنیشان کردن کە لە ڕێگای دەستەی کارگێڕییەوە بە ئۆرگانە پێوەندیدارەکان ڕادەگەیەندرێ.

 بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەی ناوەندی سیاسی دەربڕینی دووبارەی داخ و کەسەری بەشدارانی کۆبوونەوە بوو بۆ شەهیدبوونی ئەو کادر و پێشمەرگانەی کە لە مووشەکبارانی ڕۆژی ١٧ی خەرماناندا چوونە ڕیزی کاروانی شەهیدانەوە و ئەو تێکۆشەرە سیاسییانەی کە لەم ڕۆژەدا بەدەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێعدام کران و چاکبوونەوەی بەپەلەی بۆ زام هەڵگرتووەکانی ئەم ڕووداوە بە ئاوات خواست.

کۆبوونەوەی ناوەندی سیاسی پاش تاوتوێکردن و بڕیاردانی ئەو باس و بابەتە ئاماژەپێکراوانە کە لە دەستوری کاری دانیشتنەکانیدا هاتبوون هەمان ڕۆژ کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی

١ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی

٢٣ی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی