کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: خەڵكی كوردستان لە بەرانبەر چارەنووسی رۆڵە فیداكارەكانیان بێ‌تەفاوت نامێننەوە

16:01 - 28 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سەبارەت بە شەپۆلی دەستبەسەرکران و زیندانی کردنی رۆڵەکانی كورد لە كوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم جەشنەیە:

هاونیشتمانانی بەڕێز!
كۆمەڵانی خۆڕاگری خەڵكی كوردستان!
كۆڕ و كۆمەڵەكانی لایەنگری مافی مرۆڤ !
بە دوای خرۆشانی ئەم دوایی‌یانەی خەڵک لە شاری مەهاباد، دژ بە ستەمكاریی رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران و رەفتاری كەرامەت شكێنانەی دەست‌ و پێوەندەكانی رێژیم لە كوردستان. دەزگا ئەمنیەتی و ئیتلاعاتی و باقی هێزە سەركوتكەرەكانی رێژیم بۆ دامركاندنەوەی رق و قینی هەمیشەیی‌یان لە خۆپێشاندەران شەپۆلێكی دیكە و بەرینیان لە تاقیب‌کردن، گرتن و زیندانی‌كردنی رۆڵەكانی كورد لە شارەكانی كوردستان وەرێخست و لە ماوەی رۆژانی رابردوودا چەند سەد كەسیان لە لاوان و خەڵكی شارەكان بە تاوانانی بەشداری لە خۆپیشاندان تەنانەت بە تۆمەتی بەشداریی‌كردن لە ناڕەزایەتی دەربڕین دەستگیر و زیندانی كردووە و حوكمی زاڵمانە و ناڕەوایان بەسەردا سەپاندوون.

لەو پێوەندییەدا دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وێڕای مەحكووم‌كردنی ئەو رەوتە تازەیە لە گرتن و زیندانی‌كردن دڵنیایە كە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە بەرانبەر چارەنووسی رۆڵە فیداكارەكانیان بێ‌تەفاوت نامێننەوە و بە هاسانی بەسەریدا تێپەڕ نابن. لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە هەموو رێكخراوە سیاسییەكانی كوردستان رێكخراوە مەدەنییەكان ‌و چالاكانی مافی مرۆڤ دەكا كە دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ چارەنووسی زیندانییەكاندا بەرز كەنەوە بەدانی زانیاری زیاتر لەسەر ژمارەی گیراوەكان ‌و رەفتاری هێزە سەركوتكەرەكانی رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ بەندكراوان، یارمەتیدەر بن لە گەیاندنی رەفتاری زاڵمانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە نەتەوەی كورد ‌و رۆڵەكانی ئە‌و نەتەوەیە بە كۆڕ ‌و كۆمەڵە نێونەتەوەیی‌یەكان.

لەو پێوەندییەدا حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران هەوڵی جیددی ‌و بەردەوام دەدا بۆ پێوەندی گرتن بە كۆڕ ‌و كۆمەڵە نێونەتەوەیی‌یەكان ‌و رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی مرۆڤ ‌و ‌وڵاتانی خاوەن نفووز بە مەبەستی فشار هێنان بۆسەر كۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێناو وەستاندنی رەوتی تاقیب و گرتن و زیندانی كردنی رۆڵەكانی كورد ‌و بۆ ئازادكردنی ئەو زیندانییانەی كە بە تاوانی دەنگ هەڵبڕین و ئیعتراز بە بێ‎عەداڵەتی و كەرامەت شكێنیەكانی دەست‌وپێوەندەكانی كۆماری ئیسلامی رژاونەتە سەر شەقامەكان.

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان!
هەرچەند ئەم حەرەكەتە بوێرانەی خەڵكی شاری مەهاباد و هاوسۆزیی شارەكانی دیكەی كوردستان لە سنە، مەریوان، بۆكان، سەردەشت، بانە، سەقز و... دەنگدانەوەیەكی جیهانی و ناوچەیی لێكەوتەوە و زۆر لایەنی شوێندانەر هەڵویستی بوێرانەی خەڵكی مهاباد و هاوسۆزی بەجێی شارەكانی دیكەی كوردستانیان بەرز نرخاند و ئەم رەفتارە دژ مروڤانەی دست‌وپێوەندەكانی رێژیمی كۆماری ئیسلامیان مەحكووم كرد و داوای سزادانی تاوانبارانیان كرد، بەڵام وەك دیترا بە رەواڵی هەمیشەیی، رێژیم بە هێنانەوەی پاساوی نەشیاو، تاوانبارانیان دەرباز كرد و كەوتنە گرتن و زندانی‌كردنی رۆڵەكانی كورد كە داكۆكییان لە بەها مرۆیی‌یەكان كردووە و كەرامەتی نەتەوەیی خۆیان پاراستووە.

جارێكی دیكە داوا لە كۆڕ و كۆمەڵە مرۆڤ دۆستەكان، رێكخراوە سیاسی و مەدەنییەكان و ئازادیخوازانی ئێران و كوردستان بەتایبەتی چالاكوانانی نێوخۆی وڵات و سەرجەم رۆڵەكانی نەتەوەی كورد دەكەین كە بە شێوەیەكی بەرین‌تر، بە كردەوەتر بۆ ئازادكردنی بەندكراوەكان و فشارهێنان بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران و كۆتایی هێنان بە رەوتی تاقیب، راوەنان، گرتن و زیندانی‌كردنی رۆڵەكانی كورد تێبكۆش و خاوەن هەڵوێستی شیاو بن.

ئازادی بۆ زیندانییەكان
سەركەوتن بۆ رۆڵەكانی نەتەوەی كورد

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٢٨ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی
١٨ی مەی ٢٠١٥ی زایینی