کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: درێژە بە خەباتی شار و شاخ دەدەین

17:10 - 27 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ٤٠ـەمین ساڵی فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر خەڵکی کوردستان لە بەیانییەیەکدا بڵاوی کردووە ئێمە درێژه بە خەباتی شار و شاخ لە هەموو بوارەکاندا دەدەین.

دەقی بەیانییەکە بەم چەشنەیە:

چل ساڵ بە سەر دەرچوونی  فەرمانی جیهادی ڕوحوڵڵا خومەینی بۆ سەر خەڵکی کوردستان تێدەپەڕێ.

خەڵکی کوردستان لە شۆڕشی ١٣٥٧ هەتاوی (١٩٧٩ی زایینی) بە مەبەستی ڕووخاندنی ڕێژیمی شا چالاکانە بەشداریی و فیداکاریی کرد، بەو هیوایە کە دیکتاتۆری و سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردن دژ بە گەلی کورد دوایی پێدێ و کورد لە سیستمی سیاسیی نوێدا بەو ماف و ئازادیانە دەگا کە لە ڕێژیمی پاشایەتیدا لێی پێشێل و زەوت کرابوو.

بەداخەوە ئەو ئاواتە نەهاتە دی و زۆری پێنەچوو کە سەرکوت و دیکتاتۆریی مەزەهەبی باڵی بە سەر وڵاتدا کێشایەوە.

بەپێچەوانەی تاران و زۆربەی ناوچەکانی دیکەی ئێران، لە کوردستان شۆڕشێکی گەورەی پێشکەوتنخوازی نەتەوەیی- دێموکراتیک بەڕێوە دەچوو. شۆڕشێک کە لە ئامانج و ماهییەتدا بەتەواوی جیاواز بوو لەگەڵ شوڕشی ئیسلامی بە ڕێبەرایەتیی ڕوحوڵڵا خومەینی. 

خومەینی و دەسەڵاتدارانی تازە لە تاران باش دەیانزانی کە ڕاپەڕین لە کوردستان لە هیچ بارێکەوە، بێجگە لە ڕووخانی ڕێژیم شادا، وێکچوونێکی لەگەڵ شۆڕشە ئیسلامییەکەی ئەوان نیە و ڕێگایەکی جیاوازی گرتووەتە بەر.

ئامانجی شۆڕشی کوردستان دابینکردن و پاراستنی ئازادی و موناسباتی دێموکراتیک و ماف و کەڕامەتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بوو، بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی نەتەوەیی و مەزهەبی و ڕەگەزی.

لە کوردستان ئازادییە سیاسی و دێموکراتیکەکان ڕێزیان لێدەگیرا و دەپارێزران، تێکۆشانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان،  ڕاگەیەنەرە گشتییەکان، دامەزراندنی ڕێکخراوگەلی سێنفی و مەدەنی ئازاد بوون، خەڵک بە ئازادی نوێنەرانی خۆیان لە شووڕاکاندا هەڵدەبژارد.

 ژنانی کوردستان وەک هاونیشتمانیی دەرەجە دوو سەیر نەدەکران و کەس نەیدەتوانی شێوەژیان و جلوبەرگ و شێوەی هەڵسووکەوتیان بۆ دیاری بکا و بەسەریاندا بسەپێنێ.

ئازادی لە کوردستان سنووردار نەبوو و ڕێگای بەشدارییکردن لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ژن و پیاو ئاواڵە بوو. کەس بە تاوانی جیاوازیی بیروباوەڕی سیاسی یان مەزهەبی نەدەکەوتە بەر هێرش و تیغی سانسۆرەوە.

هەر کەسایەتی و حیزب و ڕێکخراوێک کە لە تاران ئازادیی تێکۆشانی لێ سنووردار دەکرایەوە و دەکەوتە بەر هێرشی دیکتاتۆریی نوێ، ڕووی دەکردە کوردستان و لە کوردستان، بە دڵفرەوانی و باوەشی ئاواڵەوە پێشوازی لێدەکرا و بە ئازادی و بە بێ ترس کار و تێکۆشانی سیاسیی خۆی بەڕێوە دەبرد. کوردستان بەحەق ناوی مەتەرێزی ئازادیی ئێرانی لێنرابوو.

خەڵکی کوردستان ئەوکاتیش هەر خوازیاری ئیستقراری نیزامێکی دێموکراتیک و سێکۆلار بوون کە واقعییەتی فرەنەتەوەبوون و فرەمەزهەبیبوونی کۆمەڵگای ئێران بسەلمێنێ، ستەمی سیاسی و نەتەوایەتی لەسەر گەلانی بندەست هەڵبگیرێ و ماف و ئازادییەکانیان لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا بە ڕەسمی بناسرێ.

ئەو دۆخە سیاسییە و هەمووی ئەو بەها و ئازادیانە ناتەبا بوون لەگەڵ بیری تەسک و باوەڕی دواکەوتوانە و ئازادیکوژی حکوومەتی ئیدئولوژیکیی تازە. بۆیە کوردستان ببوو بە چقڵی چاوی کۆنەپەرستانی حاکم لە تاران. 

ئەوە بوو کە ڕێژیمی ئیسلامی زەرفییەت و تەحەمولی گەشەسەندن و جێگیربوونی بیری ئازادیخوازیی لە کوردستان نەبوو و خومەینی لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی (١٩ی ئوگستی ١٩٧٩ی زایینی) فەرمانی جیهادی بە دژی خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هێرشیان هێنایە سەر کوردستان و بە ناوی ئیسلام لە هیچ جینایەت و تاوانێک دژ بە کورد دەستیان نەپاراست.

ڕێژیمی کۆنەپرست شەڕێکی خوێناوی بەسەر کورددا سەپاند، شەڕێک کە هەتا ئێستاش بەشێوەی جۆراوجۆر هەر درێژەی هەیە و بەدەیان هەزار کەس بوونەتە قوربانیی سیاسەتی شەڕخوازانەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران. 

کوردستان دوو ڕێگای لەبەر بوون: یان بێدەنگ دەبێ و دەست بەردەداتەوە و ملکەچی دیکتاتۆریی بێ یان ئەوەی بەرەنگاری دوژمنی خوێنڕێژ و سەرەڕۆ بێتەوە و ڕێگای خەبات و سەرفەرازیی بگڕیتە بەر. کوردستان بژاردەی دووەمی هەڵبژارد و درێژەی بە خەبات بۆ ئازادی و مافی نەتەوەیی گەلەکەی درێژە پێدا.

بۆیە، گەلاوێژ ١٣٥٨ی تەنیا وەبیرهێنەرەوەی هێرشی بەربڵاوی کۆماری ئیسلامی و کاوەلکاریی و قەڵاچۆکردن و تێرۆر و جینایەتەکانی ڕێژیم دژ بە خەڵکی کوردستان نیە. بەڵکوو وەربیرهێنەرەوەی دنیایەک داستان لە فیداکاری و ئازایەتیە، وەبیرهێنەرەوەی لەخۆبردوویی و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستانە بە دژی دوژمنی سەرکوتکەر و دیکتاتۆریی تازەپێگەیشتوو.

وەبیرهێنەرەوەی داستانی وەستانەوەی گەڵێکە بە دژی زوڵم  زۆر و چەوسانەوە و سەلمێنەری پێگەیشتوویی و هەستی بەرزی نەتەوەیی گەلی کوردستانە. 

ڕێژیم پێی وابوو، ئەگەر کوردستانی قەڵای ئازادی داگیر و سەرکوت بکا، دەنگی ئازادیخوازی و هەرچەشنە جمووجۆڵێکی ئازادیخوازانەی لە هەموو ئێران کپ و سەرکوت کردوە و دەتوانێ پاڵی لێبداتەوە.

هاونیشتمانیانی بەڕێز!

ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گەورەترین قەیرانی سیاسی، ڕەوایی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی مێژووی خۆی بەرەوڕوو بووەتەوە. ڕێژیم بەهۆی گەندەڵی و سیاسەتی چەوت و ئیدئۆلۆژیک، داماوە و توانای دۆزینەوەی ڕێگاچارە بۆ هیچکام لەو قەیرانانەی نییە.

بە هۆی ترس لە ڕاپەڕینی خەڵک و ڕووخانی نیزامەکەی، ڕێژیم لە نێوخۆدا پەنای بۆ سەرکوتی زیاتر بردووە و لە دەرەوەی وڵات پەرەی بە ئاڵۆزینانەوە و تێرۆریزم داوە و لە ئاستی ناوچە و جیهانیدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر تەریک دەکەوێتەوە. ڕێژیم کەوتووەتە بۆنبەستەوە.

لەو باروودۆخە دژوارەدا دوور نیە کۆماری ئیسلامی لە داماویدا و بۆ ڕزگاربوونی سیستمە دیکتاتۆرییەکەی لە ڕووخان، ئێران بەرەوە شەڕێکی نەخوازراو پاڵ پێوەنێ. 

لەو هەلوومەرجە هەستیارەدا، وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چوار ئەرکی سەرەکیمان لەپێشە: 

یەکەم؛ پێداچوونەوەی بەردەوام بە کار و تێکۆشانمان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کەمووکوڕییەکانمان. 

دووەم؛ دڕیژەدان بە خەباتی نوێمان خەباتی شار و شاخ (ڕاسان) بەپێی هەلوومەرج و پێداویستیی، لە هەموو بوارەکاندا. 

سێیەم؛ پتەوترکردن و پەرەپێدان بە هاوکاریی و خەباتی یەکگرتوو لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستانی ئێران. 

چوارەم؛ هەوڵ و تێکۆشان بەمەبەستی پێکهێنانی بەدیلێکی دێموکراتیک و گشتگیر بە هاوکاریی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ و ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندی. بەدیلێک کە لە ژوورەوە و دەرەوی وڵات  متمانه و پشتیوانیی خەڵک و بیروڕای گشتیی جیهانی بۆلای خۆی ڕابکێشێ و گەلانی ئێران لە دەست ڕێژیمی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی ڕزگار بکات.

دەرسی هەر گرینگی ٢٨ی گەلاوێژ ئەوەیە کە ڕێگای ڕزگاریی ئێمەی کورد و پاراستنی کەسایەتی و کەڕامەتی تاک و نەتەوەییمان، درێژەدان بە خەباتی و تێکۆشان بە یەکگرتووییە.  کورد دەبێ ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەرچەشنە ڕووداو و سناریۆیەک بێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی