کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: دەرسی باوەڕمەندی و فیداکاری لە کەمئەندامان فێر بین

12:27 - 10 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی ڕێزگرتن لە بنەماڵەی کەمئەندامانی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی شەهیدان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەم پەیامە بەم چەشنەیە:

لەپێناو ڕێزگرتن و ئەمەگناسی دەربڕین بەرانبەر بە کەمئەندامانی حیزب

مێژووی جووڵانەوە و خەباتی نەتەوەی کورد بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەکان و دابینبوونی مافی نەتەوایەتی کورد، بەرزی و نزمی جۆراوجۆری لە لاپەڕەکانی خۆیدا تۆمار کردووە.

 بەردەوامی ڕەوتی ئەو خەبات و خۆڕاگرییە کە هەڵقوڵاوی ئیرادەی نەتەوەیەکی ماف پێشێلکراو و ژێردەستەیە بە خوێنی هەزاران تێکۆشەری کورد ڕەنگاوە کە گیانی خۆیان لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و مافی نەتەوایەتی کورددا بە سەخاوەتەوە بەخشیوە و هەر بەم خوێنانە بەڵگەی ڕەوایی خەباتەکە و بەرحەقبوونی مافەکانمان سەلمێنراو و مۆر کراوە.

 هەروەها بە هەزاران تێکۆشەری نەتەوەکەمان لە بڕگەکانی مێژووی ئەو خەبات و خۆڕاگرییەدا کەوتنە بەر تیغ و تیر و تێرۆری جینایەتکارانی ڕێژیم و بەشێک یان چەند ئەندامی جەستەیان لەدەست داوە و بەداخەوە ژمارەیان زۆرە کە نموونەی بەرچاوی ئەم تێرۆر و کەمئەندام کردنە تێکۆشەری دێرین و کەسایەتی ناسراوی نەتەوەکەمان کاک مەلا "حەسەن شیوەسەڵی"ـیە، کە بە کەمئەندامی بەڵام بە باوەڕمەندی بە ڕەوایی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەکەیان ژیانێکی نەک ئاسایی بەڵکوو پڕ لە نەهامەتی و ئێش و ئازار تێپەڕ دەکەن. زیاتر لەوە ئەو تایبەتمەندییە تاڵەی جەستەیی شوێنەواری نەرێنی لەسەر دڵ و دەروونیان داناوە لەگەڵ هەلومەرجێکی ژیان هەڵدەکەن کە تەنیا کەمئەندامان دەتوانن هەستی پێ بکەن و لە نێوەڕۆکی پڕئازاری ئەو حاڵەتانە تێ بگەن.

 زۆربەی کەمئەندامان وێڕای هەر کەسێکی ئاسایی خاوەن خێزان و منداڵن کە بەهۆی کەمئەندامیی جەستەیی و نالەباریی باری دەروونی، نە دەتوانن بەشێوەی ئاسایی و بەدڵی خۆیان بە بنەماڵەکانیان ڕابگەن و نە ئەو کارە بۆ دابینبوونی بژێوی ژیانی بنەماڵەیان بکەن کە پێشتر کردوویانە و ئەوەش بە نۆرەی خۆی ئازاردەری دڵ و دەروونیانە. بەو حاڵەش تەسلیمی ئەو هەلومەرجە دژوارە نەبوون و سەربەرزانە درێژە بە تێکۆشان و ژیانیان دەدەن.

 چەند تاڵە کاتێک کە هاوڕێ و هاوسەنگەرێک یان تەنانەت کەسێکی دیکە لە دیدە و دیتن بێبەش دەکرێ، دوونیای ڕوون و دیمەنی منداڵەکانی نابینێ و ناچار ڕوو و ڕواڵەتی جگەرگۆشەکانی لە زێهنی خۆی و عالەمی خەیاڵدا وێنا دەکا. پێی نەبێ، پێ هەڵگرتن فێری منداڵەکەی بکا، یان دەستی نەبێ بەسەر ڕۆڵەکانیدا بکێشێ ئەوە ئەو کەمئەندامانەن ئەو دەردە دەچێژن و لەگەڵ ئەم ئازارانە هەڵدەکەن.

  شەهیدان سیمبولی فیداکاری و خۆبەخشینن لەپێناو نەتەوەکەیان و خاک و خەڵکی کوردستان بۆیە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەبەرانبەر ئەو بەخششە گەورە و گرانەدا سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنن و ئەمەگناسی بەرانبەر بە شەهیدان و ڕاگەیشتن بە بنەماڵەکانیان بە ئەرکی نیشتمانی خۆیان دەزانن و درێژەدانی ڕێگایان بە باشترین پاداش سەلماندووە.

هەر بەو پێیە ئەو ئەمەگناسی و ڕێزدانانە بەرانبەر بە کەمئەندامانیش کە چەند ئەندامی جەستەیان بە بارەگای ئازادی و مافی نەتەوایەتی کورد بەخشیوە پێویستە بە ئەرکێکی نیشتمانی دابنرێ.

 ئاخر کەمئەندامان ڕاستە لە ژیاندا ماون بەڵام لەگەڵ ژان و ئازار و نەهامەتێک هەڵدەکەن کە ڕەنگە ڕۆژانە دەردی نزیک لە مەرگ و شەهیدبوون بچێژن و سەرلەنوێ بۆ ژیانی پڕ ژانی کەمئەندامەتی تێهەڵچنەوە. هەروەها پێڕاگەیشتن بە بنەماڵە و جگەرگۆشەکانی کەمئەندامان نەک هەر ئەرکێکی نیشتمانییە بەڵکوو ئەرکێکی ئینسانی و ئەخلاقی هاوسەنگەران و هاوبیران و هاوئامانج و تێکڕایی خەڵکی کوردستانە، ڕاستە ئەو ئەرکانە لە پێشدا بەرەوڕووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبێتەوە کە خاوەندارەتی شەهیدان و کەمئەندامانی دەکا؛ بەڵام مادام ئەرکەکە ئەرکێکی نیشتمانی- ئینسانی و ئەخلاقی و شۆڕشگێڕییە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا دەگرێتەوە. ئەوەش بەزەیی نییە چوونکە کەمئەندامان لەوە گەورەترن ئێمەمانان بەزەییمان پێیان دابێ بەڵکوو ئەوان فیداکار و جەستەبەخش و قارەمانانی نەتەوەکەمانن کە هەموو لایەکمان دەبێ دەرسی باوەڕمەندی و فیداکارییان لێ فێربین و لە هەمان کاتدا ئەرکە نیشتمانی – ئینسانی، ئەخلاقی و شۆڕشگێڕانەمان بەجێ بێنین و ئەمەگناسیمان بەرانبەریان دەربڕین. کاتی ئەوەیە سەرلەنوێ بەڵێنییەکانمان بەرانبەریان نوێ کەینەوە و پێیان بڵێین ئێوە بۆ ئێمە نموونەی فیداکارین، ورەی بەرزو باوەڕی پتەوتان هاندەری بڕینی ڕێگای گەیشتن بە ئامانجمانە و جێگاتان لە گۆڕەپانی خەبات، دیار و بیرتان ڕێنوێنی ڕێگامانە. باهەوڵ بدەین دەرەتانی ئەو ڕێزگرتن و ئەمەگناسییە پێک بێنین و بە باوەڕەوە ئەرکەکانمان لەو پێوەندییەدا بەجێ بێنین، بەو هیوایه.

ناوەندی سیاسی

١٠ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی