کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: لە نەزەری ئێمەوە هیچ شتێک بۆ یەکگرتنەوە کۆسپ نییە

11:42 - 1 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەبارەی پرۆسەی یەکگرتنەوە لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕوونکردنەوەکە بەم چەشنەیە:

ڕوونکردنەوەیەک لەسەر بڵاوکردنەوەی بابەتێکی بەرپرسی هەیئەتی هاوڕێیانی پێشوو

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی بەرانبەر بە (١٩/١١/٢٠١٨) کاک کەماڵ کەریمی، بەرپرسی هەیئەتی دیالۆگی یەکگرتنەوەی هاوڕێیانی پێشوو بابەتێکی بڵاو کردووەتەوە، لەو بابەتەدا هۆکاری وەستاندنی ڕەوتی دانیشتنەکانی تایبەت بە یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گێڕاوەتەوە بۆ گۆڕانکارییەکانی کۆنگرەی ١٦هەمی حیزبی دێموکرات.

لەو پێوەندییەدا بە پێویستی دەزانین ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی، خەڵکی کوردستان و هەموو دۆستان و ئۆگرانی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بدەین و ڕاستیی ئەو پرسە گرینگە وەک خۆی بخەینە بەر دیدی ڕای گشتی.

 لە ڕەوتی دانیشتنی چەند ساڵەدا، ڕێبەریی حیزبی دێموکرتی کوردستانی ئێران بۆ بە ئاکام گەیاندنی ئەو پرۆسەیە لە هیچ هەوڵ و تەقەلایەک کۆتایی نەکرد هەتا گەیشتینە ئەو ئاستەی کە لە بەرەبەری کۆنگرەی ١٦هەمی حیزب، لە دانیشتنێکی فەرمیماندا کە لە لای ئەوان پێکهات؛ ئێمە داوامان لێکردن لەسەر ئاکامی وتووێژکان و ئەو خاڵانەی کە لەسەری هاوڕاین، با بڕیاری کۆتایی بدەین، دوای ئەوە لەسەر قۆناغی دیکەی پرۆسەی یەکگرتنەوە کە هەنگاوەکانی ڕەوتەکەی خێراتر دەکرد، قسە بکەین. بەداخەوە پێچەوانەی پێداگرییەکانی ئێمە وڵامی نەرێنیان داینەوە، دیار بوو کاک کەماڵ و هاوڕێیانی چاوەڕوانی ئاکامی کۆنگرەی ئێمە بوون. حیزبی دێموکرات لە کۆنگرەدا بۆ مەسەلەی هاوکاریی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕیارێکی سیاسی و بەرپرسانەی دا، ئەو بڕیارە سیاسییەی حیزب لە لایەن زۆربەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و ئێرانی پێشوازی لێکرا و لە ماوەی ڕابردووش شوێندانەریی ئەرێنیی ئەو بڕیارەی کۆنگرە بۆ گۆڕانکارییەکان پێچەوانەی نەزەری کاک کەماڵ کەریمی لە ئاست هێزە سیاسییەکانی کوردستان و ئێران بەرچاوە و گیانێکی نوێی بە هاوکاریی لایەنە سیاسییەکان بەخشی.

دوای کۆنگرەش، ئێمە سەردانمان کردن و لەسەر بڕیار و ڕوانینی ئەرێنیی کۆنگرە لەسەر پرسی یەکگرتنەوە و ڕەخساندنی کەشێکی سیاسی بۆ هاوکاریی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕوانگەی کۆنگرەمان خستە بەرنەزەریان و ڕامانگەیاند کە لە نەزەری ئێمەوە هیچ شتێک بۆ یەکگرتنەوە کۆسپ نییە و داواتان لێ دەکەین با لە بە ئاکام گەیاندنی پرۆسەکەدا خێراتر هەنگاو هەڵگڕین.

هەر لە درێژەی ئەو بابەتەدا دەفتەری سیاسی ئەوان، داوایان لە بەڕێز کاک مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات کرد بۆ وەڵامدانەوە و ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر ئاڵۆگۆڕەکانی کۆنگرە سەردانیان بکا و بەڕێزیشیان بە دڵفراوانییەوە پێشوازی لە  پێشنیارەکەیانی کرد و لە کۆبوونەوەی لەگەڵیان ڕایگەیاند؛ ئەگەر ئیرادەی یەکگرتنەوەتان هەبێ کێشەیەک لەسەر ڕێگەی نابینین و هەموو بابەتێک جێگای قسەکردن و دیالۆگە. دوای ماوەیەک لەو سەردانە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی ئێمە هەیئەتی ئەوان بە سەرپەرەستیی کاک کەماڵ کەریمی سەردانی کردین و دوای باسکردنەوەی بابەتەکانی کۆنگرەی ١٦هەمی حیزب بە ڕوونی ڕایگەیاند؛ ئێمەیش کاتمان پێویستە بۆ شرۆڤەکردنی پرسە تەشکیلاتیەکانمان. ئێمە هەم لەم کۆبوونەوەیەدا و هەم لە تەواوی دانیشتنەکانی هەر دوولا و هەیئەتەکاندا ڕامانگەیاندوە بۆ پرسێکی گرینگی ئاوا کە ویستی گەلەکەمان و تێکۆشەرانی دێموکرات و دۆستانمانە کۆسپێک نابینین، بە تایبەت لەم بارودۆخە هەستیارە سیاسییەدا کە وڵاتەکەمان و گەلەکەمان تێدا تێپەڕ دەبن، پێویستیمان بە یەکیەتی و یەکڕیزی و هاوکارییە. هیوادارین مەبەستی کاک کەماڵ کەریمی لە نووسینی ئەو بابەتە لەم هەلومەرجە ناسکەدا پەکخستنی پرۆسەی یەکگرتنەوە نەبێ. لەو پێوەندییەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەوڵی دۆستانەی هەموو ڕۆڵەکانی کورد لەو پرۆسەیەدا بەرز دەنرخێنێ و بە بایەخەوە سەیری دەکا.

ئێمە بە نیسبەت پرۆسەی یەکگرتنەوە هەتا بە ئاکام گەیشتن و هاوکاری لەگەڵ ئەو هاوڕێیانە بەردەوام دەبین، ئەگەر ئەوانیش لەو ڕاستایەدا بە کردەوە هەنگاو هەڵبگرن.

بە هیوای سەرکەوتن

محەممەدنەزیف قادری

بەرپرسی هەیئەتی دیالۆگی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی/ ٢٢نوامبری ٢٠١٨ی زایینی