کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و حکوومەتی دێموکراتیک

13:38 - 4 رێبەندان 2715

کەریم پەرویزی

دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ٧٠ ساڵ لەمەوبەردا، دنیایەکی گۆڕی کە لە پێشتردا نەتەوەی کوردی تێدا دەسڕایەوە و دەسەڵاتی فاشیستی دەیەویست بوونی نەتەوەیەک لە ڕەگ و ڕیشەوە بسڕێتەوە. کۆماری کوردستان چەندین ڕەهەندی جیاوازی سیاسی، کولتووری، مێژوویی، ستراتژیک و کۆمەڵناسانەی هەیە کە هەرکامەیان پێویستیان بە خوێندنەوە و وەرددانەوەی جیاواز و تایبەت هەیە.

لەم نێوەدا دەوری بوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وەکوو دامەزرێنەری ئەو کۆمارە، دەورێکی یەکلاکەرەوە و پێناسەکەرانەیە.

یەکلاکەرەوە بەو مانایە کە بە بێ بوونی حیزبێکی مودێڕن و دێموکراتیک، ئەگەری دامەزرانی حکوومەتێکی پێشکەوتوانە و پڕشانازیی وەکوو کۆماری کوردستان، زۆر لاواز دەبوو. پێناسەکەرانەش بەو مانایە کە هەر کات باس لە حکوومەتی کوردستان لە ١٩٤٦دا دەکرێ، بۆ ناساندنی و پێناسەکردنی ئەو حکوومەتە، دەبێ پەنا ببرێتە بەر پێناسەکان و بەرنامەکانی حیزبی دێموکرات کە ئەو کۆمارەی دامەزراند.

پرسیارێک کە دوای چاوخشاندنەوەیەکی خێرا بەو مێژووە، لە تێکەڵاویی کۆمار و حیزبی دێموکرات دێتە ئاراوە ئەوەیە؛ گەر حیزبی دێموکرات نەبوایە، حکومەتێکی فەرزیی کە قەرار ببوا دابمەزرێ، چۆن حکومەتێک دەبوو؟
ئەوەی کە لە مێژوودا ڕوویداوە ناتوانین وەری گێڕینەوە و لە جیاتی ئەو پارامێترانە، پارامێتری دیکە دابنین و شکڵێکی فەرزی بە مێژوو بدەین، بەڵام نموونە و ئەزموونەکانی نەتەوەکانی دیکە و نەتەوەی کوردیش نیشانیان داوە کە لە ئامادە نەبوونی حیزبێکی دێموکراتدا چۆن حکوومەتێک دادەمەزرێ.

هەرچەند حیزبی دێموکرات تازە دامەزرابوو و ئەوەندەی کات نەبوو تاکوو هەموو قووڵاییکانی ژیانی خەڵک شۆڕ ببێتەوە و بەرنامەکانی بەتەواوی بە خەڵک ڕابگەیەنێ و خەڵک لەو بەرنامانە تێبگەن، بەڵام لە ماوەی ٣٣٠ ڕۆژ دەسەڵاتداریی کۆماردا، دنیایەک شانازیی دێموکراتیکی خولقاند کە نەوەکانی دوای کۆمار وەکوو ڕێباز چاو لەو کارە گرینگانە دەکەن.
بەڵام لە ئامادە نەبوونی حیزبێکی دێموکراتیدا، حکوومەتی زۆر لە جیهان و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەنانەت لە کوردستانیش دامەزراون و ئەزموون کراون. زۆر حکوومەت بوون کە هەرچەند لە سەرەتاوە شەرعیەتی شۆڕشگێڕانەیان هەبووە، بەڵام دواتر و لە ڕەوتی درێژەدانی دەسەڵاتداری‏دا لەبەر نەبوونی حێزبێکی دێموکرات لە دەسەڵاتدا، بەرەو دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی هەنگاویان هەڵگرتووە و لە ئاکامدا هەندێک لەو جۆرە دەسەڵاتدارانە گرەوی سەرکوتیان لە حکومەتەکانی پێش خۆیان بردۆتەوە، بە شێوەیەک کە خەڵکی وڵات ئاواتیان گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ پێش لە شۆڕش و حکوومەتە نادێموکراتیکە بەرهەمهاتووەکەی خواستوە.

لێرەدایە کە دەگەین بەو تێڕوانینە کە جیا لە ڕۆڵی حیزبی دێموکرات لە دامەزرانی کۆماردا، بوونی ڕێکخراوێکی دێموکراتیک کە ڕوانینێکی مرۆیی و مودێڕن و دێموکراتیکی بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی خەڵک هەبێ، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە لە نموونەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، دەفتەری شانازییەکانی ئەستوورتر و قورستر دەکا.