کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و دیپلۆماتکارانی کانادا کۆ بوونەوە

10:12 - 9 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی باڵوێزخانەی کانادا سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەو دیدار و دانیشتنەدا لەبارەی دۆخی کوردستان و دۆخی زیندانیانی سیاسی گفتوگۆیان کرد.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی، هەیئەتێکی باڵوێزخانەی کانادا لە عێراق؛ بە سەرپەرەستیی خاتوو "ئەشلی دۆرک" بەڕێوەبەری نووسینگەی باڵوێزخانەی کانادا لە عێراق بە یاوەریی سکرتێری یەکەمی باڵوێزخانە "تارق گوردون" سەردانی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە شاری سلێمانی کرد.

ئەو هەیئەتەی کانادا لە لایەن هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی "محەمەد نەزیف قادری" جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتی و بەرپرسی دەزگای پەیوەندییە گشتییەکان، بە یاوەریی "تاهیر مەحمودی" بەرپرسی دەزگای ڕێکخستن و "ئیسماعیل ڕەحمانی" بەرپرسی پەیوەندییەکانی سلێمانی پێشوازییان لێکرا.

لەم دیدارەدا، سەرەتا وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان؛  باسێکی تێروتەسەل لەسەر حیزبی دێموکرات و وەزعیەتی حیزب بە گشتی بۆ میوانان باس کرا.

هەروەها "قادری" له‌سەر وەزعیەتی ئێستای ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی و ئەو کێشە و گیر و گرفتانەی کە کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵات پێکی هێناوە بۆ میوانان قسەی کرد.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا "تاهیر مەحموودی" باسێکی لەسەر وەزعیەتی زیندانیاسی سیاسی و هەڵسوکەوتی نالەباری دامو ەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران بۆ میوانان باس کرد.

دواتر میوانەکان لەو چوارچێوەدا پرسیار و ڕای خۆیان باس کرد و لەسەر پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات و لایەنە سیاسییەکانی ناوچە تێبینی و نەزەری خۆیان هێنایە بەر باس.

لە کۆتاییدا دوو لایەن لەسەر پەیوەندی بەردەوام و دانیشتنەکانیا پێداگریان کرد.