کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و ٩ ڕەوتی سیاسی دیکە "لێکتێگەیشتننامەیەکی هاوبەش"یان واژۆ کرد

19:23 - 27 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: دە حیزب و ڕەوتی سیاسی ئێرانی وێڕای واژۆکردنی ئەم تێگەیشتننامە هاوبەشە، داوای هاوکارییان لە باقی هێز و حیزبە سیاسییەکان بۆ خەبات لەمەڕ ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێران کرد.

لە دەقی بانگەوازی ئەم حیزب و ڕەوتە سیاسییانەدا وێڕای ئاماژە بە ڕابردووی خەباتی خەڵک لەدژی ڕێژیم و پێویستیی یەکیەتی ڕەوتە سیاسییەکان لەو پێناوەدا هاتووە: ئێمە پێبەندین لەسەر پێویستی یەکیەتییەکی بەربڵاو بۆ سەقامگیرکردنی سیستمێکی دێموکراتیکی کۆماری و فێدراڵ لە ئێران و بایەخگەلی وەک تۆلێرانس، پلۆرالیزم، جیایی دین لە دەوڵەت لەسەر بنەمای جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیانی هەموو ڕەوت و بیرە سیاسییە دێموکراتیکەکان.

دەقی بانگەواز و لێکتێگەیشتننامە هاوبەشەکە بەم چەشنەیە:

بانگەواز بۆ هاوکاری هاوبەش

وڵاتەکەمان نیزیک بە ٤٠ ساڵە لەژێر ستەم و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدایە. ئەمڕۆکە لە هەلومەرجێکدا کە خەڵکی ئێران لە هەموو بیاڤەکاندا دەستیان داوەتە خەباتێکی بەربڵاو بۆ ئازادی، ڕزگاری و وەدیهێنانی مافەکانیان، ئێمە ڕەوت، ڕێکخراو و حیزبە سیاسییەکان بە ڕوانینە کۆمەڵایەتی و پێشینە سیاسییە جیاوازەکانمان، هەوڵێکی هاوبەشمان لەسەر بنەمای ئەم لێکتێگەیشتننامەیە دەست پێکردووە. ئێمە ئەم هەوڵە سەرەتاییە بە هەنگاوێک بۆ دامەزراندنی یەکیەتییەکی بەربڵاو پێناسە دەکەین و لەم ڕێگەیەدا لە هیچ هەوڵێک درێغی ناکەین.

ئێمە پێدادەگرینەوە لەسەر پێویستی هەبوونی یەکیەتییەکی بەربڵاو بۆ دامەزراندنی دێموکراسی، سیستمی کۆماری و فێدراڵیزم لە ئێران و بایەخگەلی وەک تۆلێرانس، پلۆرالیزم، جیایی دین لە دەوڵەت لەسەر بنەمای مەنشوری مافەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیانی هەموو ڕەوت و بیرە سیاسییە دێموکراتیکەکان.

ئێمە بە پێداگرتنەوەی لێبڕاو لەسەر بەردەوامی و پەرەدان بە بزووتنەوە ئێعترازی، مەدەنی و دێموکراتیکەکان لە ئێران و پشتیوانی لە خەباتی خەڵک، داوا لە سەرجەم حیزبەکان، دامەزراوەکان، ڕێکخراو و ئەو ڕەوتە کۆماریخوازە دێموکراتیکانە دەکەین کە خۆیان بە هاوفکر لەگەڵ ئەم لێکتێگەیشتننامە دەزانن هاوکارمان بن و داوایان لێدەکەین بۆ خەبات لەمەڕ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵمان بن.

بنەما هاوبەشەکانی هاوکاری ئێمە

پێشەکی:

ئا: پاش یەک سەدە خەباتی پڕهەوراز و نشێو لە ڕێگەی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، دابینکردنی سەروەری خەڵک، نەهادینەکردنی دێموکراسی لە وڵات و هەوڵی بەردەوام بۆ دانانی بناغەی ئێرانێکی ئازاد، پێشکەوتوو و مۆدێڕن و دوور لە هەر چەشنە هەڵاواردنێکی جنسی، نەتەوەیی و مەزهەبی، وڵاتی ئێران دیلی دەستی سەرەڕۆیی و دەسەڵاتێکی سەرەڕۆیە. خەڵک لە مافە بنەڕەتییەکانیان، لە ئازادییە سیاسی، کۆمەڵایەتی، سێنفییەکانیان و ئەمنیەتی یاسایی و کۆمەڵایەتییان بێبەش کراون.

هەڵاواردن دژ بە ژنان کە نیوەی حەشیمەتی وڵات پێک دەهێنن، سیاسەتی فەرمی و یاسایی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. جیابیران، ڕوناکبیران، نووسەران، هونەرمەندان، هزرڤانان، لاوان و خوێندکاران لە بەردەم هەڕەشە و پەلاماری هەمیشەیی حکومەتدان. کرێکاران، مامۆستایان، زانکۆییەکان و باقی بەرهەمهێنەرانی سەرمایەی ماددی و مەعنەوی کۆمەڵگا، لە دابینکردنی کەمترین پێداویستییەکانی ژیانێکی لەبار و شیاو لەگەڵ جێگە و پێگەی ئینسانی و کۆمەڵایەتییان دۆشداماون و بێبەش کراون لە مافی پێکهێنانی سەندیکا و دامەزراوەی سەربەخۆ. هەڵاواردن و ستەمی نەتەوەیی دژ بە نەتەوەکانی ئێران بە خراپترین شێوەکان درێژەیان هەیە. کۆماری ئیسلامی لە درێژەی ستەمکاریەکانی پێشوویان بە شەڕ و توندوتیژی وڵامی داواکارییە ڕەوا نەتەوەیی و قەومییەکانیان دەدەنەوە.

یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی و پێکهاتەی دەسەڵات لەودا، لەسەر بنەمای هەڵاواردن، تێکەڵاوکردنی دین و دەوڵەت، دوژمنایەتی کردنی ئازادی و نوێخوازی بنیات نراوە. لە کۆماری ئیسلامیدا خەڵک لە مافی بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆیان بێبەشن و مافەکانی مرۆڤ بە بەردەوامی و بەشێوەیەکی توندوتیژ پێشێل دەکرێت.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گشتیەتی خۆیدا ڕێفۆرمهەڵگر و جێگەی ئیسڵاح کردن نییە و لەو چوارچێوەدا هیچ کام لە ویستە دێموکراتیکەکانی خەڵکی ئێران وەدی نایەت. کەواتە، ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی هەموو دامەزراوە قەزاییەکان، یاسادانەر و ئیجراییە سەرکوتکارەکان (سیاسی، سەربازی، ئەمنیەتی و ...) و هەروەها هەڵوەشاندنەوەی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی و باقی یاسا نادێموکراتیکەکان، مەرجی یەکەم و سەرەکییە بۆ سەقامگیرکردنی سیستمێکی کۆماری لەسەر بنەمای دێموکراسی، جیایی دین لە دەوڵەت و مافەکانی مرۆڤ.

ب: خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بەردەوام بەڕێوە چووە. دەیان هەزار کەس لە خەباتکارانی ڕێگەی ئازادی و دادپەرەوەری کۆمەڵایەتی لە ماوەی نیزیک بە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لە تێکۆشان دژ بە سەرەڕۆیی زاڵ گیانیان لەدەستداوە.

چوار دەیەیە کە خەڵک بەشێوازی جۆراوجۆر ناڕەزایەتییەکانی خۆیان لە دۆخی داسەپاو ڕاگەیاندووە و هەندێک جار بێ‌گوێدان بە سیاسەتی سەرکوتکارانەی دەسەڵات، بەشێوەی چەند میلیۆن کەسی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و بێزاریی خۆیان بەرامبەر بە سیاسەتی نادێموکراتیک، نادادپەروەرانە و پڕ لە هەڵاواردنەکانی دەسەڵات دەربڕیوە. دوایین نموونەش بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانی چەند مانگی ڕابردوو و بەتایبەت ڕابوونی مانگی بەفرانباری ڕابردوو و مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی ئەم دواییانەیە. لە ئاکامی ئەم ناڕەزایەتی دەربڕینانە، ڕواڵەتی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی لە ئاستێکی بەربڵاودا خۆی دەرخست و ئەم ئێعترازە خەڵکییانە بوونە هەوێن و یارمەتیدەرێکی باش بۆ هاوپێوەندی نیشتمانی و نێونەتەوەیی لەمەڕ وەدەستخستنی دێموکراسی.

پ: لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا ئازادیخوازان و هێزە چەپ، دێموکرات و کۆماریخوازەکان بە بەرنامە و مێتۆدی جۆراوجۆر دژ بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی خەباتیان کردووە بەڵام ئەزموون پێمان دەڵێ کە بە بێ هاوکاری و یەکیەتیی کرداری ئەم هێزانە، دەرەتانی کاریگەری دانانیان لەسەر ڕووداوە سیاسییەکان و شکڵدان بە ئاڵتێرناتیڤێکی کۆماریخواز و دێموکرات دژوار دەبێتەوە. ئەمڕۆکە بۆ پێشکەوتنی بزووتنەوە، پێویستی هاوکاری و یەکیەتی کرداری ئەم هێزانە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بووەتە پرسێکی گرینگ.

ئێمە ئەو ڕێکخراو و حیزبانەی کە ئەم لێکتێگەیشتننامەمان واژۆ کردووە، بە بەرنامە، ڕوانینی کۆمەڵایەتی و ڕابردووی سیاسی جیاوازەوە پێبەندین بە پێویستی هەبوونی یەکیەتی بەرینی کۆماریخوازە دێموکراتەکان، بۆ جێگیرکردنی دێموکراسی لە ئێران لەسەر بنەمای جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی، بایەخگەلی وەک پلۆرالیزم، جیایی دین لە دەوڵەت، یەکتر قەبووڵ کردن و پێکەوەژیانی هەموو ڕەوت و لایەنە سیاسییە دێموکراتیکەکان؛ ئێمە ئەو هێزانەین کە بۆ بەردەوامی، بەربڵاوی و قوڵترکردنی بزووتنەوە ئێعترازییەکانی خەڵکی ئێران کە توانیویەتی کۆلکەزێڕینەیەک لە چینەکان، گرووپە کۆمەڵایەتییەکان و هێزە سیاسییە ئازادیخوازەکانی کۆمەڵگە بێت، خەبات دەکەین، پێداگرین لەسەر خەباتی مەدەنی و دێموکراتیک و ئاشتیخوازانە کە هێمای بزووتنەوەی ئێعترازییە و لێکتێگەیشتن لەسەر ئەم گەڵاڵەیە بە هەنگاوێک لەمەڕ دامەزراندنی یەکیەتییەکی بەربڵاو بۆ کۆماریخوازەکانی ئێران دەزانین.

گەڵاڵەی هاوبەشی ئێمە

  1. دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیک لە شکڵی کۆمارێکی پارلمانی لەسەر بنەمای جیایی دین لە دەوڵەت، جیاکردنەوەی 3 هێزی سەرەکی (قوای سە‌گانە) و پلۆرالیزمی سیاسی، هەڵبژێردراوبوونی هەموو دامەزراوەکانی حکومەت بە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک و لەبەرچاوگرتنی ئەسڵی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات (تناوب قدرت). ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەیکە دەنگی خەڵک تەنیا سەرچاوەی هێز و دەسەڵات و ڕەوایی حکومەتە.
  2.  وڵاتی ئێران لە ئاکامی پێکەوەژیانی نەتەوەکانی فارس، تورک، کورد، عەرەب، بەلووچ، تورکمان و باقی پێکهاتە زمانییەکان و کەمینە مەزهەبی و فەرهەنگییەکان شکڵی گرتووە.

بۆ یەکیەتییەکی هەمیشەیی و پێکەوە مانەوەی خەڵکانی ئێران پێویستە:

یەکەم، شوناس و مافە نەتەوەیی – دێموکراتیکەکانی ئەم خەڵکە قبووڵ بکرێت و مافی دیاریکردنی چارەنووسیان بە فەرمی بناسرێت.

دووهەم، کۆکردنەوەی دەسەڵات لە ناوەند و سەنتراڵیزمی هەنووکەیی، جێگەی خۆی بدات بە نەمانی ناوەندگەرایی و دابەشکردنی دەسەڵات لە پێکهاتەی سیاسی ئێران.

ئێمە خوازیاری یەکیەتیی ئازادانەی خەڵکانی ئێران لە نێو سیستمێکی سیاسی و ئیداری فیدراڵداین.

  1. جیایی دین لە دەوڵەت و گەرەنتی کردنی ئازادی بیروباوەڕ، دین و مەزهەب.
  2. دابینکردنی ئازادییە سیاسییەکان، مافە دێموکراتیک و مەدەنییەکانی خەڵک، گەرەنتی کردنی ئازادی ئەندێشە و دەربڕین، ڕاگەیاندن و میدیاکان، شێوازی ژیان، چالاکی حیزبە سیاسییەکان، ئازادی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە، خۆپیشاندان، مانگرتن و سازکردنی ڕێکخراوە سێنفی و مەدەنییەکان.
  3. دابینکردنی یەکسانی مافی شارۆمەندان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی جینس، مەزهەب، بەستراوەیی قەومی، نەتەوەیی، زمانی و ڕێباز.
  4. پێبەند بوون و گەرەنتی کردنی ماف و ئازادییە پەسندکراوەکان لە ڕاگەیەندراوی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامە پێوەندیدارەکانی.
  5. هەڵوەشانەوەی حوکمی ئێعدام و هەرچەشنە سزادانێک کە ئابڕوو، جێگە و پێگەی مرۆڤەکان خەوشدار بکات.
  6. دابینکردنی یەکسانی مافەکانی ژنان و پیاوان، هەڵوەشانەوەی هەر چەشنە هەڵاواردنێکی جینسی، جێبەجێکردنی تەواو و بێ‌کەموکوڕی ماددەکانی کۆنوانسیۆنی نەهێشتنی هەڵاواردن دژ بە ژنان و دانی گەرەنتی یاسایی بۆ دابینکردنی ئیمکاناتی پێویست بۆ گەشەی توانایی و لێهاتووییەکانی ژنان لە هەموو بوارەکان ژیانی تاکەکەسی، بنەماڵەیی، کۆمەڵایەتی و سیاسی.
  7. پتەوکردنی پایەکانی دێموکراسی لە وڵاتدا و بەردەوامی پێکەوەژیانی مێژوویی پیشاندەرەکانی وا دەخوازێ مافی وەک یەکی نەتەوەکانی ئێران و مافە نەتەوەیی – دێموکراتیکەکانی نەتەوەکان و قەومەکانی نیشتەجێ لە ئێرانێکی یەکگرتوو، دێموکراتیک و ناناوەندگەرا لە هەموو بیاڤەکانی نەتەوەیی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دابین و گەرەنتی بکرێت.
  8. دابینکردنی هەل و دەرفەتی وەک یەک بۆ دەسپێڕاگەیشتنی هەمووان بە خانووبەرە، بێهداشت، فێرکاری و پەروەردە، کار و پیشە، فەرهەنگ و بیمە کۆمەڵایەتییەکان.
  9. دامەزراندنی پێوەندییە سیاسییەکانی ئێران لەگەڵ هەموو وڵاتانی دنیا لەسەر بناغەی ڕێزگرتنی دوولایەنە، قبووڵ کردنی ئەسڵی دەسەڵاتی خەڵکی ئێران، بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و پارێزگاری کردن لە ئاشتی جیهانی. ئێمە دژی دەستێوەردانی هێزە بیانییەکان لە کاروباری پێوەندیدار بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی ئێران و ئالتێرناتیڤ‌سازی لەلایەن ئەوانەوەین.
  10. ڕاکێشانی پشتیوانی بیروڕای گشتی و پشتیوانی نیهاد و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان لە خەباتی خەڵکی ئێران بۆ جێگیرکردنی دێموکراسی لە وڵات و زیادکردنی گوشارەکان بۆسەر کۆماری ئیسلامی لە ئێعتراز بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و لە هاوپێوەندی لەگەڵ خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێرانین.
  11. دژایەتی کردن لەگەڵ بونیادگەرایی، تێرۆریزم و بەڕێوەبردنی توندوتیژی.
  12. ئێمە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە، مانگرتن، ڕێپێوان و شکڵە جۆراوجۆرەکانی خەبات، هەبوونی مافی داکۆکی لەبەرامبەر کردارە توندڕەوانەکانی حکومەت و خەباتی مەدەنی بۆ گەیشتن بە داخوازە ئابووریی و سیاسییەکان بە بەشێک لە مافە بنەڕەتییەکانی شارۆمەندان دەزانین.

یەکیەتی دێموکراتیکی ئازەربایجان – بیرلیک

بزووتنەوەی کۆماریخوازە دێموکرات و لاییکەکانی ئێران

حیزبی تەزامۆن دێموکراتیکی ئەهواز

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستان

کۆمەڵەی شۆڕشگێری کوردستانی ئێران

حیزبی خەڵکی بەلوچستان

ڕێکخراوی یەکیەتی فیداییانی خەڵکی ئێران

شۆرای کاتیی سوسیالیستە چەپەکانی ئێران

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ – ١٦ی نۆوامبری ٢٠١٨

ناونیشانی پێوەندی گرتن:

[email protected]