کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆ بوونەوە

12:42 - 24 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکرات سەردانی بارەگای ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێرانیان کرد.

پێشنیوەڕۆی چوارشەممە ۲۳ی جۆزەردانی ۱۳۹۷ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستیی "حەسەن شەرەفی"، جێگری لێپرسراوی گشتیی حیزب، سەردانی بارەگای ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد و لە لایەن شاندێکی کۆمەڵە بە سەرپەرەستیی  "عومەر ئیلخانیزادە"، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێرانەوە پێشوازییان لێ کرا.

لەو دیدارەدا دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت قۆناغی پاش هاتنەدەری ئامریکا لە ڕێکەوتنی بەرجام و ناڕەزایەتی و بارودۆخی نالەباری خەڵک لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە تاوتوێ کران.

لەو کۆبوونەوەیەدا، دوو لایەن لەسەر پێویستیی هاودەنگی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هاوکێشە سیاسییانەی کە لە بەردەمدان، پێداگریان کردەوە و ئەم پرسەیان بە پێویستییەکی بێ ئەملاوئەولا وەسف کرد و زەمینەی کاری هاوبەش لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانیان بە ئەرێنی لە قەڵەم دا.

لە کۆتاییدا هەر دوو لایەن وێڕای خوازیاری بۆ بەهێزترکردنی پێوەندیی دۆستانەی هەردوو لایەن، پێیان لەسەر ئەوە داگرتەوە کە بە هاتنە ئارای هەر ئاڵوگۆڕ و گۆڕینی هەر هاوکێشەیەکی سیاسیی دابینکردنی مافی نەتەوەییی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا لەسەر دێڕی بەرنامە و تێکۆشانی سیاسیمان لەگەڵ هەر لایەنێکی دیکە بێ.