کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ جەختیان لەسەر پێوەندییەکانیان کردەوە

11:08 - 24 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە دانیشتنی هاوبەشی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا جەخت لەسەر هەوڵدان بۆ چالاکتر کردنی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران کرایەوە.

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٣ی رەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی هەیئەتێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی بەڕێز ساڵح شەریفی ئەندامی دەفتەری سیاسی، سەردانی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن هەیئەتێکی حیزبەوە بە سەرپەرەستی بەڕێز حەسەن شەرەفی جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزب پێشوازییان لێکرا.

لە دانیشتنێکی دۆستانەدا بەڕێز ساڵح شەریفی وێڕای سپاس لەو پێشوازییە دۆستانەیە و رێکخستنی بەرنامەی ئەو دیدارە، ئاماژەی بەوە دا کە ئامانج لە سەردانەکەیان، ئاڵوگۆڕی نەزەر لەسەر پرسە سیاسییەکانی پێوەندیدار بە رەوشی سیاسی ئێران، رۆژهەڵاتی کوردستان، پێوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ لایەنە سەرتاسەرییەکان و هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هاوکارییەکانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەیە.

پاشان بەڕێز حەسەن شەرەفی لەسەر ئەو بابەتانە و کۆمەڵێک پرسی دیکە کە لەم هەلومەرجە هەستیارەدا پێویستە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گرینگی پێ بدەن نەزەری حیزبی دێموکراتی خستە بەر چاوی هاوڕێیانی کۆمەڵە.

پاشان بەشدارانی کۆبوونەوەکە سرنج و تێبینییەکانیانی خۆیان باس کرد و دوای شڕۆڤەکردنی ئەو باسانە هەر دوولایەن لەسەر بەردەوامی هاوکارییەکانیان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بە هاوکاری و هاوخەباتی لەگەڵ حیزب و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبە سەرتاسەرییەکان کە داکۆکی لە مافە نەتەوەییەکان گەلی کورد دەکەن، جەختیان کردەوە .

هەروەها پێداگری لەسەر هەوڵدان بۆ چالاکتر کردنی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران کرایەوە و لەو پێوەندییەدا مانگرتنی بەرینی رۆژی ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵی خۆرهەڵاتی کوردستانیان بە سەرکەوتنێکی گەورەی بزووتنەوەی نەتەوەیی و دێموکراتیکی گەلی کورد زانی؛ هەروەها باسیان لە گرینگی و بە هاناوە هاتنی کۆمەڵانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

لە کۆتاییدا هەر دوو لایەن لەسەر هاوکاری و هەوڵەکانیان و هەروەها کاری هاوبەش لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ئێران و کوردستان جەختیان کردەوە.