کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات پیرۆزبایی لە پارتی دێموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سووریە کرد

10:55 - 9 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی کۆتایی هاتنی سەرکەوتووانەی ۱٥هەمین کۆنگرەی پارتی دێموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سووریە، سەردانی ئەو حیزبەی کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ۸ی خەزەڵوەری ۱۳۹۷ی هەتاوی ،شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی " فواد خاکی بەیگی" نوێنەری حیزبی دیمۆکرات لە شاری سلێمانی، بە مەبەستی پیرۆزبایی لە کۆتایی هاتنی سەرکەوتووانەی ۱٥هەمین کۆنگرەی پارتی پێشڤەرۆ، سەردانی نوێنەرایەتی ئەم حیزبەی لە شاری سلێمانی کرد.

لەو سەردانەدا شاندی حیزبی دێموکرات لە لایەن وەفدێکی پارتی پێشڤەرۆ بە سەرپەرەستیی "عەلی شەمدین" ئەندامی مەکتەبی سیاسی و نوێنەریان لە هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێکرا.

لەو دیدارەدا شاندی حیزب، گەرمترین پیرۆزبایی حیزبیان بە بۆنەی بەستنی کۆنگرەکەیان بە بەڕێز شەمدین گەیاند و هیوای سەرکەوتنی هەرچی زیاتریان بۆ خواستن. هەروەها "عەلی شەمدین" پێوەندیی مێژوویی هەر دوو حیزبی بەرز نرخاند و سپاسی پیرۆزبایی حیزبی دێموکراتی کرد.

۱٥هەمین کۆنگرەی پارتی پێشڤەرۆ ڕۆژانی ۱٥ و ۱٦ی نوامبری ۲٠۱۸ی زایینی لە شاری قامیشلۆی کوردستانی ڕۆژئاوا بەسترا و دەستەی کارگێریی حیزبی دیمۆکرات پەیامێکی پیرۆزبایی پێشکەش بە کۆنگرەکەیان کردبوو کە بەرێز" حەمید دەروێش " سکرتێری گشتیی پارتی پێشڤەرۆ لە نامەیەکی فەرمیدا سپاس و پێزانینی خۆیانی پێشکەش بە "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات کرد.