کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ بەرز ڕادەگرین

01:05 - 20 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیانییەیەکدا وێڕای بەرزڕاگرتنی ١٠ی دێسامبر، ڕۆژی ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و ساڵڕۆژی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، پابەندیی خۆی بەو جاڕنامەیە ڕادەگەیەنێ و پێشێلکردنی ئەو جاڕنامەیە لە لایەن هەر تاک و گروپێک بەتایبەت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم دەکات.

دەقی بەیانییەکە:

ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ بەرز ڕادەگرین


کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ١٠ی دێسامبری ساڵی ١٩٤٨ی زایینی لە بڕیارنامەیەکدا جاڕنامەی گشتیی مافەکانی مرۆڤی پەسند کرد، و لە ساڵی ١٩٥٠دا، داوای لە هەموو وڵاتانی جیهان کرد یادی ئەم ڕۆژە بەرز ڕاگرن.

لەو ڕۆژەوە تا ئێستا (١٠ی دێسامبری٢٠١٦)، سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەتایبەت شۆرای مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، هەنگاوی بەرچاویان بۆ چەسپاندنی مافی مرۆڤ هەڵێناوەتەوە و یارمەتیی مرۆڤە ماف پێشێلکراوەکانیان داوە، بەڵام بەو حاڵەشەوە لە ئێستادا زۆرن ئەو خەڵکانەی کە لە لایەن دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانەوە مافەکانیان بە ئاشکرا پێشێل دەکرێن و تەنانەت لە مافی ژیان و نیشتەجێبوون بێبەش دەکرێن، بەڵام بە هۆی ساتوسەودای وڵاتانی بەهێزەوە پشتگوێ دەخرێن و کەس بە هاواریانەوە ناچێ.

ئەم بێدادی و بەکۆمەڵ ماف پێشیلکردنانە لەم ساڵانەدا ڕوونتر لە هەر کاتێک لە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ڕۆژانە بەڕێوە دەچن و میدیاکانی هەموو دنیا دەیخەنە بەرچاوی خەڵک. شەڕ و وێرانییەکانی خۆرهەڵات بە گشتی و بەشێک لە ئەفریقا و باقی شوێنەکانی جیهان کە ئاکامەکەی وێرانی ژیان و ژینگەی ئەو وڵاتانە و ئاوارەبوونی میلیۆنان خەڵکی بێتاوان لە منداڵ و پیر و پەککەوتەن کە هیچ دەور و تاوانێکیان لە خولقاندنی ئەم دۆخەدا نییە و، تەنیا دەستەچیلەی ئاگری خۆبەزڵزانی، بەرژەوەندیخوازی و سەرەڕۆیی کۆمەڵێک کەس و گرووپی دژی مرۆڤن.

یەکێک لەو دەوڵەتانە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، سەرەڕای ئەوەی کە ئەم ڕێژیمە لە پێنج پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤ بە تایبەت کۆنوانسیونەکانی مافە مەدەنی و سیاسییەکان ئەندامە، بەڵام بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتداری، مافی ئێرانییەکانی بە تاک و بە کۆمەڵ پێشێل کردووە، هێندێک لە نەتەوەکانی ئێرانی لە مافی سیاسی بێبەش کردووە، هەموو دانیشتوانی وڵاتی بەپێی ئایین و بۆچوونی سیاسییان دابەش کردووە و بە توندترین شێوە جیابیر و جیائایینەکان سەرکوت دەکا.

بەرپرسانی پایەبەرزی ڕێژیم بە ئاشکرا جاڕنامەی مافی مرۆڤ ڕەد دەکەنەوە و دژی دەوەستنەوە، لە ماوەی شەڕی ئێران و عێراقدا بیست میلیۆن مینی دژی نەفەریان لە سنوورەکانی ئێران بە تایبەت سنوورەکانی کوردستان ـ عێراق چاندووە، بە هۆی مل‌نەدان بە ئیمزاکردنی کۆنوانسیونی دژە مینی ئوتاوا و پاک نەکردنەوی کوردستان لەو مینانە، هەزاران کەس لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە بە هۆی تەقینەوەی مینەکان گیانیان لە دەست داوە یان کەمئەندام بوون.

بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا بە پێشێلکردنی مافەکانی گەلانی ئێران ڕانەوەستاوە و بە هۆی دەستتێوەردانەکانی لە وڵاتانی دیکەی دنیا بە تایبەت خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، بووەتە هۆکاری سەرەکیی خولقاندنی شەڕ و وێرانی وەک شەڕ و وێرانییەکانی سووریە و پەرەپێدانی تێرۆریزم.

هەڵکشانی ساڵانەی ژمارەی ئیعدامەکان، هەڵاواردنی ژنان و لە ژێرپێنانی مافەکانیان، کوشتنی ڕۆژانەی کۆڵبەرانی کورد، زیندانی کردن، ئەشکەنجە و بێ‌حورمەتی کردن بە چالاکانی سیاسی بەتایبەت کوردەکان، ئێستا لە هیچ کەس شاراوە نییە.

ڕەهەندێکی دیکەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامی هەڵکشانی ژمارەی بەرچاوی گیرۆدەبووەکان بە ماددە سڕکەرەکان، ڕووداوەکانی تەڵاق و تاوان و جینایەت لەو وڵاتەدایە کە سیاسەت و بەرنامە دواکەتووەکانی ڕێژیم، هۆی سەرەکیی ئەم گرفتانەن، کە گەورەترین زەربەیە لە کۆمەڵگەی ئێران و بەداخەوە کەمتر باسی لێوە دەکرێ، بۆیە بەشێکی زۆری دنیا لێیان بێخەبەرە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەرزڕاگرتنی ١٠ی دێسامبر ڕۆژی ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و ساڵڕۆژی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، جارێکی دیکە پابەندیی خۆی بەو جاڕنامەیە ڕادەگەیەنێ و پێشێل کردنی ئەو جاڕنامەیە لە لایەن هەر تاک و گروپێک بەتایبەت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم دەکا، هەر لەو حاڵەدا پشتیوانی دەکا لە ماف و داواکانی هەموو زیندانییە سیاسییەکان کە بە هۆی بیروباوەڕی جیاواز لە ڕێژیم بە زۆر لە زیندان کراون و هەموو ئەو نەتەوە و کەسانەی لە ئێران و باقی وڵاتانی جیهاندا مافیان پێشێل کراوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

۱۹ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی
۹ی دێسامبری ٢٠١٦ی زایینی