کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: کوردستانی ڕۆژهەڵات بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەک دادەنێت

12:19 - 25 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەی هاوبەشی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو و لە کۆبوونەوە هاوبەشدا، لەبارەی دۆخی کوردستان بەگشتی قسە کرا.

ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی، کۆبوونەوەی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕی، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٦ی حیزب، بەڕێوەچوو.

سەرەتای کۆبوونەوەکە بە چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و کورد، بەتایبەت دوایین شەهیدەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا، دەستی پێکرد.

پاشان لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لە ڕاپورتێکی سیاسیی تێروتەسەلدا، بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان و ناوچەکەی بە وردی تاوتوێ کرد.

ناوەڕۆکی سەرەکیی باسەکەی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، هەلومەرجی ئەمڕۆی کوردستانی ڕۆژئاوا و ڕوانگە و سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لەهەمبەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بوو.

"مستەفا هیجری"، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکە و گۆڕینی باڵانسی هێزەکان هاتووەتە ئاراوە، پرسی کورد لە سووریە و دەوری بنەڕەتیی هیزەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا لە چەقی ئەو گۆڕانکارییانەی بەوردی باس کرد.

لەو باسەدا خۆڕاگری و قارەمانییەتیی هێزە کوردییەکانی بەرانبەر بە داگیرکاری و هێرشەکانی بەرز نرخاند، بەڵام پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا، زامنی سەرەکیی پاراستنی مافە نەتەوەییەکانیانە.

ئەو یەکگرتووییە چ لە خەبات و بەرخۆداندا و چ لە داهاتوودا کە ڕەوتی سیاسیی وەها بڕواتە پێش کە بە ڕێککەوتنی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان دەستووری نوێ بۆ سووریە دابڕێژێرێتەوە.

حیزبی دێموکرات بۆ خۆی لەسەر پرەنسیپی سەربەخۆیی سیاسیی بڕیاردان پێداگرە و بە بناغەیەکی سەرەکیی دروست بڕیاردان و دابینکردنی مافەکانی نەتەوەی کورد لە هەر بەشێک دەزانێت و لەوبارەوە ساڵانێکە حیزبی دێموکرات خەباتی بێوچانی بۆ دەکات و هەم نرخی بۆ داوە و هەم هەوڵی داوە کە هێزەکانی دیکەش بەو شێوەیە سیاسەتیان دابڕێژن و ڕێز لە ئیرادەی بەشەکان و هێزەکانی دیکەی کوردستان بگرن. هەر بەم پێیەش پێشتر داوای کردبوو کە هێزەکانی کورد لە سووریە خۆیان بڕیاردەر بن و لەژێر کاریگەریی بڕیاری دیکەدا نەبن. هەم ئێستاش ڕێز لە بڕیار و هەڵسوکەوتی ئەوان  لە پرۆسەی سیاسیی سووریە و کوردستانی ڕۆژئاوا دەگرێت و بە مافی هێزە سیاسییەکانی ئەو بەشە لە نیشتمان دەزانێت.

لە درێژەی باسەکەدا لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات هاودەنگیی جیهانی، بە تایبەت ڕای گشتیی ئامریکا و ئورووپاییەکان و ناوچەکەی لە پشتیوانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا بەرز نرخاند و ئەم بارودۆخەشی بە دەرفەتێک بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکان و دەرگایەکی ئاوەڵا بۆ دیپلۆماسیی کورد و بە تایبەت دیپلۆماسیی گشتیی کوردستان لە ئاستی جیهانی زانی.

"هیجری" لە ڕاپۆرتەکەدا بە تێروتەسەلی باسی ئەوەی کرد کە وەدەنگهاتنی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هاتنەسەر شەقام بە شێوەی یەکگرتووانە و بە بەرفراوانی و لە ئاستی هەموو شارەکانی کوردستاندا، جارێکی دیکە سەلماندی کە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ئاستی بەرزی وشیاری نەتەوەیی گەیشتووە و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی لە سەرووی هەموو قازانج و بەرژەوەندییەک دادەنێت. ئەم هەستەش بە میرات لە کۆماری کۆردستانەوە بۆ ماوەتەوە کە جێگە و پەناگەی هەموو ئازادیخواز و کوردێکی نیشتمانپەروەر بوو.

لێپرسراوی گشتی بەوردی دەوری کۆماری ئیسلامی لە هاتنە ئارای ئەم دۆخە لە سووریە و ڕووداوەکانی باس کرد و ڕایگەیاند لە ئەگەری سەرکەوتنی پلانێک کە ڕێژیمی تورکیە بۆ نیشتەجێکردنی ئاوارەکانی سووریە لە ناوچە کوردییەکان دایناوە، هەر دوولا، واتە "ئێران  و تورکیە"، گۆڕینی دێمۆگرافیای کوردستانی سووریە و تێکدانی دەسەڵاتی کوردی لەو ناوچانەیان پێخۆش دەبێت.

 بەڵام ئەوەی بۆ ئێران شکستێکی سیاسیی گەورەیە کە سەرەڕای خەرجکردنی بە دەیان میلیارد دۆلار لە داهاتی وڵات و خەڵکی بەشمەینەتی وڵاتەکەی لە سووریە و کوژرانی سەدان کەس لە فەرماندە و سەربازەکانی، ئیستا ڕووسیە و تورکیە دەسەڵات و نفووزیان لەو ناوچەیە زیاد دەکات و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان هەیە.

لە کۆتایی باسەکەدا، لێپرسراوی گشتیی حیزب ڕایگەیاند:

"ئەزموونی هێرش و قڵاچۆکردنی کوردان لە لایەن ئەو وڵاتانەی کە دەستیان بەسەر کوردستاندا گرتووە و مافەکانی کوردیان پێشێل کردووە سەلماندوویەتی کە داگیرکەرانی کوردستان ناتوانن بە درێژەدانی ئەو سیاسەتە، کوردەکان لە ئاست داوا ڕەواکانیان بێدەنگ بکەن و بەچۆکیاندا بێنن".

بەشدارانی کۆبوونەوەکە وێڕای تەئیدی ڕاپۆرتی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، کۆبوونەوەکەیان بە پێشنیارەکانیان دەوڵەمەندتر کرد.

کۆبوونەوەکە ئێوارەی ڕۆژی ٢٤ی ڕەزبەری ١٣٩٨ کۆتایی پێهات.