کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە باشوور، پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان دەکات

20:59 - 4 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان

هاونیشتمانییە بەڕێزەکان

ڕۆڵە بەئەمەگ و کوردپەروەرەکانی کوردستان


ڕۆژی دووشەممە ٣ی رەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٥ی سپتامبری ٢٠١٧ی زایینی، گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان، بەپێی بەرنامەی داڕێژراو و سەرەڕای هەموو هەڕەشەکانی وڵاتانی ناوچە و خوێندنەوەی جۆراوجۆری بەشێک لە وڵاتانی جیهان بە سەرکەوتوویی و لە کەشوهەوایەکی بەتەواوی دێموکراتیک و ئازاددا بەڕێوە چوو.

بەمجۆرە ڕۆژێکی گرنگی نیشتمانی و نەتەوەیی لە مێژووی خۆێناوی و پڕکارەساتی کورد و لە هەمان کاتدا تەژی لە خەبات و خۆڕاگری کورد و کوردستان تۆمار کرا، لەسەرخستنی ئەو پرۆسە دێموکراتیکەدا خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزی سەرکردایەتی کورد لە باشووری کوردستان و کۆدەنگی هێزە سیاسییەکانی ئەو پارچەیە لە کوردستان دەورێکی شیاو و شوێندانەر و پڕ لە شانازی گێڕا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە ئارای ئەو پرسە گرینگەدا لە ڕێگای چەند ڕاگەیەندراوی ڕەسمی و دەیان وتووێژی میدیاییدا وێڕای پشتیوانی لە ئەنجام دانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان، ئەو پرسەی وەک هەلێکی زێڕین و هەنگاوێکی نەتەوەیی و نیشتمانی دانا و داوای لە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی خۆی لە باشووری کوردستان، لە وڵاتانی دەرەوە و کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد، چی لە توانایان دایە بۆ ئاسانکاری و سەرخستنی ئەو بڕیارە مێژوووییە و پشتیوانی کردنی بگرنە بەر و لە هەموو شوێنێک دەنگیان لە پاڵ دەنگی خۆشک و برایانیان لە باشووری کوردستان بێ و پاڵپشتی سەرخستنی ئەو هەنگاوە چارەنووسسازە بن، بە خۆشییەوە لە چوارچێوەی ئەو بڕیار و چالاکی نواندنەدا کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەندامانی حیزب نیشتەجێ لە باشوور لە کارنەڤاڵێکدا بە شێوەیەکی بەرین بەشدار بوون، کە ڕۆژی ٥شەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ناوەندی ٣ی کوردستان لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە و بە وتاری سکرتێری گشتی حیزب و ئامادە بوونی ژمارەیەک هونەرمەند و کەسایەتی بەڕێوە چوو.

لە دەرەوەی وڵاتیش ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە شێوەیەکی بەرین لە کارنەڤاڵەکانی کوردانی تاراوگە لە وڵاتان بەشدار بوون و دەورێکی شیاو و بەرچاویان لە بەڕێوەبردن و بە ئەنجام گەیاندنیاندا گێڕا.

لە نێوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەسەر ڕاسپاردە و ڕێنوێنی حیزب، کۆمەڵە چالاکییەک وەک بڵاوکردنەوەی تراکت، پووستەر و دروشم بەڕێوە چوون. جیا لەوە لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، خەڵک بە شێوەیەکی بەرین و کەموێنە ڕژانە سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان و بە شادی و شیرینی بەخشینەوە و خوێندنەوەی سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب و دانی دروشمی قاسملوو، قاسملوو رێگات درێژەی هەیە و دێموکرات، دێموکرات و شەکاندنەوەی ئاڵای کوردستان هەستی خۆشحاڵی خۆیان لە بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی پرۆسەی گشتپرسی دەربڕی. هەر لەو پێوەندییەدا، لە کەمپەینێکدا کە لە لایەن تەشکیلاتی حیزبەوە بۆ پشتیوانی لە گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان پێکهات زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس بەشدار بوون.

لەو پێوەندییەدا پێویستە سپاس و پێزانینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاراستەی هەموو ئەو کەس و ئورگان و خەڵکە بەهەستە بکەین، کە لە ئەنجام دان و بەڕێوەبردنی ئەو چالاکییانەدا بەشدار بوون و دەوری بەرچاویان گێڕاوە.

ئەو چالاکییانە لە نێوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە کاتێکدا بەڕێوە چوون کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، شارەکانی کوردستانی بە هێزی نیزامی و ئیتلاعاتی و ... تەنی بوو و لە سنوورەکانیش جموجۆڵی وە ڕێ خست، بەڵام بە هۆی بەربڵاوی خەڵک بۆ پێشوازی لە گشتپرسی توانای سەرکوتی خەڵکیان لێی بەربەست کرا بوو، بەو حاڵەش ژمارەیەک لە خەڵک لە شارەکان دەستبەسەر کراون و ڕەوتی گرتن هەروا درێژەی هەیە.

گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان، ئەو ڕاستییەی سەلماند کە سەرەڕای هەر جۆرە جیاوازی بۆچوون لە نێوان هێزە سیاسییەکان، خەڵکی کوردستان لە بڕیارە نەتەوەیی، نیشتمانی و چارەنووسسازەکاندا هەموو یەکدەنگ، یەک‌هەڵویست و یەک‌هەنگاون و بەم کارەیان دوژمنانی کورد و کوردستانیان لەگەڵ نائومیدی بەرەوڕوو کردەوە. گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان و هەڵویستی دژبەرانە و دژ بە ئازادی کورد، دەوڵەتانی ناوچە و ڕاسپاردەکانی وڵاتانی دیکە بۆ پاشگەز بوونەوەی کورد لە گشتپرسی و یا وە دوا خستنی، جارێکی دیکە نێوەڕۆکی دژبەرانەی هەر کام لەو وڵاتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەش کراوە بە دنیا نیشان دا و لە ڕاستیدا تاقیکارێک بوو، کە کورد بەگشتی دۆستان و دوژمنانی ناوچەیی و جیهانی خۆی باشتر بناسێ و لە پێوەندییەکانی خۆیدا لەگەڵ هەر کامیان ئەو ناسیاوییە ڕەچاو بکات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی کورد، خۆشک و براکانمان لە باشووری کوردستان و هێزە سیاسییەکانی و سەرجەم ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دنیا دەکات و ئاواتی ئەوە دەخوازێ ئەم هەنگاوە سەرەتای کۆتایی هاتن بە نەهامەتی و ڕەنج و ئازارەکانی کورد لە باشووری کوردستان بێ و بەدی‌هێنەری ئاوات و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیان بێ، کە بێگومان لە سەر چارەنووسی کورد بە گشتی شوێندانەر دەبێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٤ی رەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی
٢٦ی سێپتامبری٢٠١٧ی زایینی