کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاکێشەرێکی هەرمان

18:16 - 27 خەزەڵوەر 2718

سۆران شەمسی

خەباتی سیاسی لە پێوندی لەگەڵ کۆمەڵێکی سیاسی لە شەفافترین قسەدا ڕێگایەکە بۆ مەبەستی ئەساسیی خواست و ئارمانەکان کە چالاکانی بواری سیاسەت بۆ دابینکردنی بە ئیرادەوە تێدەکۆشن، لەگەڵ هاوبیرانی خۆیان پەیمان دەبەستن و کۆمەڵێکی سیاسی پێک دێنن.

لە هەر بوارێکدا بە تایبەت ڕوانگەی سیاسییەوە کاتێک لە بواری  کارێکدا ئیرادە دەکەین بەو مانایەیە کە یەکەمین پەیمانمان لەگەڵ خۆمان بەستووە. بەو پێیە ئیرادە و پەیمانی سیاسی هاوتەریبه لەگەڵ قەناعەت و قەبووڵی هەڵێنجانەکانی کە سەرەتا لەسەر ئێمە و بۆ لای ئێمە لە جەریاندایە.

لە خەباتی سیاسیدا کۆمەڵگە ڕۆڵی کەسایەتی لە پابەندی بە گرێبەستی ویژدانی، واتە ئیرادەیەک کە ئەو بە پەیمانەکەی دەگەیەنێت، سەرچاوە دەگرێت. هەر بۆیە کە لە بوارێکەوە پتەوبوونی یەکیەتیی هێزە هاوپەیمانەکان بۆ پێوەندی کەسایەتییەکان دەگەڕێتەوه لە لایەکی دیکەشەوە ناوی ئەو کەسایەتیانە لە بیر و ڕەوانی ئێمە جێگە و پێگەی خۆی دەکاتەوە و لە پێوەندییەکی جاویداندا لەگەڵ هەمان پێکهاتەی سیاسی پێکەوە گرێ دەدرێن.

کاتێک ئێمە باس لە حیزب دەکەین، ڕێک قاعیدەی یاسامەندی پێکهاتن و دامەزراندنی حیزبێک لەسەر بنەمای خەباتی سیاسی لەبەرچاو دەگرین. کاتێکیش باس لە ڕێبەران و کەسایەتییە سیاسییەکان دەکەین، هەندێک کەسایەتی دێنینە بەرچاو کە ڕوانگەکانیان لە ویست و داخوازییەکانی خەڵک و ژینگەی خۆیان سەرچاوە دەگرێت و پلەکانی خەباتیان لەسەر بنەمای ئەو تێڕوانینەوە بڕیوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە قاعیدەیەکی یاسامەند دامەزرا لە بواری حیزبێکی یاسامەند، کۆمەڵێکی سیاسییە کە تەنانەت دژبەرانیشی نەیانتوانی پێناسەی شوناسی حیزب و شوناسی ڕێبەران و کەسایەتییە سادق و ئارمانەکانی خەوشدار بکەن. کاتێک ئێمە باس لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین پەیمان و پێبەندی ئێمە بە ئارمانەکانی حیزب ڕەنگ دەداتەوە بۆیە ئەو کەسانەی پەیمان لەگەڵ ئارمانەکانی حیزب دەبەستن لە هیچ بارودۆخێکدا خۆیان لە دەرد و ئازاری خەڵک و وڵات بەدوور نەگرتووە. ئەوان هەمیشە توانیویانە بانگی عەداڵتخوازی و دەنگی خەڵک لە ناو خەڵک بۆ خەڵک لە ناوی نیشتمان بۆ نیشتمان شەکاوە ڕابگرن.

ئەمڕۆکە دەبێ ئارمانەکانی حیزب بەرز ڕابگرین کە شەهیدبوونی دەیان هەزار لاوی پاک و سادقی ئەو حیزبە هەستی پێ نەکرێت؛ ئەوانەی کە بۆ ئارمانە شەریف و بەرزەکانیان سادقانە بۆ نیشتمان و بەختیاریی گەلەکەیان گیانی خۆیان فیدا کرد، ئەو لەخۆبردوویی و فیداکارییە سەمبوولێکی ڕووناکە لەسەر خەڵکی بوونی ئەو حیزبە.

زۆر ئاشکرایە کە یەکێک لە بەرنامەکانی حیزب لە دۆخی ئێستادا بۆ دابینکردنی ئامانجەکانی خەڵکویستی و نیشتمانپارێزی و دروستکردنی یەکیەتییەکە لە نێوان هێزە هاوبیروباوەڕەکان. لەو بارەیەوە هەر وەک لەبارەی کەسایەتی باسمان کرد، پێناسەی ڕۆڵی کەسایەتی بۆ دابینکردنی وەها ئارمانێک کاتێک خۆی دەردەخات کە یەکیەتی و هاوهەنگاویی ئەو هێزانە لە بوونی ڕێبەران و ڕێبەریی ئەوان هەستی پێ بکرێت و دیار بێت.

ئێمە بۆچی دەبێ  یەکگرتوویی و یەکیەتیی حیزبەکان بەرز بنرخێنین؟ چونکە درێژەی خەبات و گەیشتن بە ئارمانگەلێک کە ئێمە پەیمانمان لەگەڵی بەستووه بۆ بەختەوەری و ئازادیی خەڵک لە دەرد و ژان و ئازاری وڵاتە کە بەو یەکیەتییە گەشبینن. چونکە دەزانن تەنیا ڕێگای ڕزگاری لە زوڵم و ڕێژیمی دیکتاتۆر سفەت هەر ئەوەیە.

لەگەڵ یەکتر پەیمانمان بەستووە بۆ نوێکردنەوەی باوەڕێک کە بە پەیمانی خۆمان هەیە و لە ئاکامدا بۆ بزووتنی زیاتر بۆ خەبات و دیاریکردنی سەرەتی و بابەتە گرینگەکان؛ دەبێ لەبیرمان بێت دیاریکردنی سەرەتییەکان و بابەتە گرینگەکان زیندووکردنەوەی ئارمانێک نییە بەڵکوو دیاریکردنی ناکۆکییە سەرەتاییەکانە. زیندووکردنەوە لە ئارماندا ڕووسووڕاندنەوە لە ئارمانە، ڕووسووڕاندنەوە لە ئارمان لە یەکەمین شرۆڤەدا ڕووسووڕاندنەوە لە گرێبەستێکی ویژدانییە کە بە دڵنیاییەوە ئیعتباری خەباتی سیاسی سەقەت دەکات.

ئێمە هەمیشە وڵاتمان بە جۆرێک خۆش ویستوە  و خۆش دەوێت وەک ژینگەیەک، شوێنی ژیان و لە پێناسەیەکی حەقیقیدا وەک جوغرافیایەکی گەورە و هاوبەشی فەرهەنگی هەمووی خەڵکەکەمان خۆش دەوێت. هەمیشە ئەو ئازادییەمان دەوێت کە بۆ ڕفاهی خەڵکەکەمان دەمانهەوێت. لەوەها ئارمانێکدا لە هیچ دۆخێکدا ڕێگای دیکە بوونی نییە.

هەر بۆیە دەڵێین کە ئارمانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاکێشەری جاویدان و هەرمانە و خۆی ئەو مانایە دەگەیەنێت کە هێزەکانی کە پەیمانیان لەگەڵ ئارمانەکانی حیزب بەستووە لە هەوڵدا نین کە پەرستنگەی سیاسی دروست بکەن، بەڵکوو ئەوان لە ئارمانەکانی حیزب حەرەکەتێکیان دەست پێکردوە کە ئامانجەکەی ڕوونە.... ئێمە دەڕۆین و بە ویستی خۆمان دەگەین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.