کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی ڕزگاری: حیزبی دێموکرات چەمک و ناسنامەیەکی نوێی بە نەتەوەی کورد بەخشی

12:03 - 25 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: حیزبی ڕزگاریی کوردستان، بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە حیزبی دێموکرات کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێز کاک مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران،

بەڕێزان ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سڵاوی ڕزگاری و سەرخۆبوونتان لێبێ

بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەسەر ناوی خۆم و لە جیاتی هەڤاڵانم لە سەرکردایەتیی حیزبی ڕزگاریی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەم و لە ڕێی ئێوەی بەڕێزیشەوە  سڵاو و پیرۆزبایی لە تێکڕای ئەندامانی حیزبە خەباتگێڕەکەتان دەکەم و دەخوازم کە هەمیشە سەرفراز و سەرکەوتوو بن.

بەڕێزان! لە کەس شاراوە نییە کە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک یەکەمین ڕێکخراوی سیاسیی کوردستانی، چەمک و ناسنامەیەکی نوێی بە نەتەوەی کورد و خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان بەخشی کە هەتا ئەمڕۆکەش کاریگەریی خۆی لەسەر ڕووداوەکان دەنەخشێنێ و ڕاستیی سیاسەتەکانی سەر ڕاست دەکاتەوە. ئەوەتا دوای تێپەربوونی ٧٤ ساڵ هێشتا ڕۆڵی پێشەنگایەتی لە بزاڤی ڕزگاریخوازی لە ڕۆژهەڵات دەگێرێ، ئەمەش هەم شانازییەکی گەورەی مێژووییە، هەمیشە دروستی ئامانجەکانی وەبیر دەهێنێتەوە.

ئێمە لە حیزبی ڕزگاریی کوردستاندا گرنگی و بایەخی تایبەت بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حیزبە خەباتگێڕەکەتان دەدەین.

لە کۆتاییدا بە بۆنەی ٢٥ی گەڵاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سڵاو و پیرۆزبایی خۆمان دووپات دەکەینەوە.

 ڕێکار ئەحمەد

 سکرتێری گشتی

حیزبی ڕزگاری کوردستان