کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨٢ حیسابی فەیسبووکیی ڕێژیمی ئێران سڕایەوە

11:03 - 5 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ٨٢ لاپەڕەی فەیسبووکیی سەر بە ڕێژیمی ئێران کە سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی درۆ و شایعه بوونە، لە تۆڕی خۆی سڕییەوە.

شیرکەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە، ٨٢ لاپەڕەی فەیسبووکی کە سەر بە ڕێژیمی ئێران بوونە و بەڕێوەبەرانی ئەو لاپەڕە فەیسبووکیانە کە خۆیان بە هاووڵاتیی ئامریکایی و بریتانیایی لە قەڵەم دابوو و لەسەر فەیسبووک سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی بابەتی ڕەگەزپەرەستانە، ئاژاوەنانەوە و دژایەتی لەگەڵ بڕیاری پەنابەرییەتی ترامپ بوونه؛ سڕیوەتەوە.

ماوەیەک پێش شیرکەتی ئەمنییەتیی "فایر ئای" لەسەر پڕۆپاگاندای لایەنگرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ، فەیسبووک و تویتێر ڕایانگەیاند، سەدان پەیجی ئێرانی و ڕووسیە، کە کاریگەریان لەسەر هەڵبژاردنی ئامریکادا هەبووە، ڕەش کراونەتەوە.

فەیس بووک ٦٥٢ پەیج و گرووپی تەبلیغاتی کە بە دژی ئیسرائیل، عەرەبستان و پاڵپشتی لە ڕێککەوتننامەی ناوکی ڕێژیمی ئێران چالاکیان کردووە، داخست. هەروەها تویتێریش ڕایگەیاند، ٢٨٤ حساب کاربری کە کردەوەی ئاژاوەگیڕانەیان هەبووە و سەرچاوەی زۆرینەیان لە ئێران بووه، داخستووە.

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ئاستی جیهاندا بە گرووپی جیاواز لە دنیای مەجازی و لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکیی سایبری لە ڕاستای ئاژاوەنانەوە، پڕۆپاگاندا بۆ تێرۆر دەکەن و هەتا ئێستا زۆر کەس لە پێوەندی لەگەڵ سپای پاسداران و هەک کردن دەسبەسەر کراون.

ڕێژیمی ئیران لە ڕێگەی سپای پاسداران چەندین گرووپی تێرۆریستیی سایبریان پێک هێناوە بۆ دزینی زانیارییەکان بە تایبەت بۆ بەرنامەی مووشەکی و ناوکی لە ئاستی جیهاندا.