کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیسێبی بانکیی منداڵانی بەرپرسانی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات، ١٤٨ میلیارد دۆلارە

11:15 - 16 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی و ئەندامی کومیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی کە حیسێبی بانکیی منداڵانی بەرپرسان، لە ئەرزی پاشەکەوتکراو لە دەرەوی وڵات، زۆرترە.

بەپێی هەواڵێک کە لە زاری "مەحموود بەهمەنی"، سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی و ئەندامی کومیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیم، لە هەواڵدەریی "خانە ملت"، بڵاو کراوەتەوە، ئەم بەرپرسەی ڕێژیم خۆی دانی بەوەدا ناوە کە ئێستا حیسێبی بانکیی منداڵی بەرپرسان زۆر زیاتر لە ئەرزە پاشەکەوتکراوەکانی ڕێژیمە لە دەرەوی وڵات.

"بەهمەنی" هەروەها وتوویەتی: "ماوەی دوو ساڵە ئەرزی هەناردەکراوەکانی ئێران بۆ ئەم وڵاتە نەگەڕاوەتەوە، لە حاڵێکدا کە حیسێبی بانکیی منداڵانی بەرپرسان لە دەرەوی وڵات، ١٤٨ میلیارد دۆلارە کە تەنانەت پاشەکەوتی ئێران ئەوەندە نییە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: "٥ هەزار کەس لە منداڵانی بەرپرسانی ڕێژیم لە دەرەوە وڵاتن کە تەنیا ٣٠٠ کەسیان دەرس دەخوێنن، ئەی ئەوانی دیکە سەرقاڵی چین؟ دەوڵەت دەبێ بەدواداچوون بۆ ئەم شتە بکات و بەپێی یاسا مامڵەیان لەگەڵ بکرێت".

لە کاتێکدا منداڵانی بەرپرسان، ١٤٨ میلیارد دۆلار تەنیا لەنێو حیسێبە بانکییەکانیاندا هەیە، زۆرێک لە بنەماڵەکان و منداڵانی هەژار بۆ دۆزینەوەی  پارووە نانێک، سەر بە هەر زبڵدانێکدا دەکەن یان ئەوەیکە ڕێژیم خۆی لە لایەن گرووپ و باندگەلێک، منداڵان بەکار دەهێنن تا سەری زبڵەکان بپشکنن و لە بەرامبەردا پارەیەکی کەمیان پێ دەدەن.