کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسێبی بانکیی هاووڵاتییەکی بەڕەچەڵەک ئێرانی داخرا

12:47 - 17 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لقێکی کۆمترێس بانک لە هامبۆرگی ئاڵمان، حەسێبی بانکیی ژنێکی بەڕەچەڵەک ئێرانی، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو داخستووە.

ئەم هاووڵاتییە بەڕەچەڵەک ئێرانییە، کە ناوی ئایریس موعتەمد ئەمینییە ڕایگەیاندووە: کە جگە لە ڕەچەڵەک و پاشناوەکەی نەبێ هیچ پێوەندییەکی بە ئێرانەوە نییە و تەنانەت ناتوانێت بە زمانی فارسیش قسە بکات.

ناوبراو وتوویەتی: پاش مردنی باوکم هەوڵم داوە، هەموو دارایییەکانی بگوازمەوە بۆ ئاڵمان و کۆمترێس بانکیش لەم بارەوە هیچ کێشەیەکی نەبووە، بەڵام بەرپرسەکانی ئەم بانکە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، و پاش ئەنجامدانی کارە ئیدارییەکان، ڕای خۆیان گۆڕیوە و حەسێبەکەیان داخستووم.

وێدەچێت کە کۆمترێس بانک لە ژێر گوشارەکانی ئامریکا و لە ژێر سێبەری نیگەرانی لە سزاکانی ماڵییەکاندا، حەسێبی بانکیی ئەم ژنەی داخستبێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، میشائیل تۆکۆس، بەرپرسی نووسینگەی ژووری بازرگانیی ئاڵمان و ئێران لەسەر ئەو بڕوایەیە، کە کۆمترێس بانک لە ژێر گوشاری ئامریکا و لە ترسی سزا دیاریکراوەکانی ئامریکا بۆ سەر ئەم بانکە، ئەم حەسێبەی داخستووە.