کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن خومەینی: هیچ گارەنتییەک نییە ئێمە لەسەر دەسەڵات بمێنینەوە

11:09 - 9 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ئاغازادەکان ترسی ڕووخانی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامییان لێ نیشتووە و هەندێک لە بەرژەوەندیخوازەکانیش ڕاستییەکان چەواشە دەکەن.

ڕۆژی شەممە، ٨ی بەفرانبار، "حەسەن خومەینی"، کوڕەزای خومەینی، دامەزرێنەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە لێدوانێکیدا لە تاران، لە بارەی هەڵوەشانەوەی دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی  و بارودۆخی نالەباری ڕێژیم وتی: "هیچ گارەنتییەک نییە کە ئێمە بمێنینەوە و کەسانی دیکە بڕۆن".

حەسەن خومەینی ڕوو لە بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی ڕێژیم وتبووی: "دەبێت ڕێساکان ڕەچاو بکەن، دەنا دەسەڵاتتان لە دەست دەردەهێنن".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لە بارەی نیشانەکانی چارەڕەشیی دەوڵەتێک وتبووی: "پارچەپارچەکردنی بەردەوامی کۆمەڵگا، بڵاوکردنەوەی ڕق و قین و دووبەرەکیی، ئەوەی کە تاکەکان لە کۆمەڵگا ناچار بن دوو کەسایەتییان هەبێت و  ئەوەی کە لە ڕاستگۆیی دوور بکەونەوە لە نیشانەکانی چارەڕەشیی دەوڵەتەکانە".

هەر لەم ڕاستادا حوسێن شەریعەتمەداری، بەرپرسی ڕۆژنامەی کەیهان چاپی تاران، ڕۆژی شەممە، ٨ی بەفرانبار، بابەتێکی لە ژێر ناونیشانی "ئەگەر بڕیار بوایە بڕۆیشتاین بۆچی نەڕۆیشتووین؟!"، هەوڵی چەواشەکاریی ڕاستییەکانی داوە.

حوسێن شەریعەتمەداری، لەم بابەتەیدا نووسیویەتی: کە بە ئاوڕدانەوە لە پێڕستی دوژمن، هەوڵ و پیلانەکان بە دژی ئەم ڕێژیمە، هەر مرۆڤێک بەو باوەڕە دەگات کە بەپێی ئەو هەوڵانە دەبوا "ئینقلابی ئیسلامی" هەتا ئێستا لەسەر کار نەمابایە.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە ڕاستای نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، ئەگەرچی هەوڵ و پیلانەکانی دوژمن دژوار بن و خەسارەتی زۆری لێ کەوتووەتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. لە درێژەدا بەرپرسی ڕۆژنامەی کەیهان نووسیبووی: "لە ڕاستای نزیکبوونەوەی ساڵیادی چل ساڵەی ڕێژیمی ئیسلامی، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە: ئەگەر بڕیار بوایە بڕۆیشتاین بۆچی نەڕۆیشتووین؟! مەگەر ئەوەی کە هەموو چەرخە ئابوورییەکانی جیهان لە دژی ئێمە نەکەوتبوونە گەڕ؟ کەچی هێشتا ئێمە بە هەمان ئاراستە دەڕۆین. ئەگەر بڕیار بوو بڕۆین بۆچی نەڕۆیشتووین، ئەگەر نەدەماینیش بۆچی هەتا ئێستا ماوینەتەوە؟".

ئەم قسانەی ناوبراو لە کاتێکدایە، بەرپرسان و ئاغازادەکانی ڕێژیم خۆیان دان بە شکست و ئەگەری زۆری ڕووخانی ئەم ڕێژیمەدا دەنێن.

بەپێی پشێبینییەکان بۆ ساڵی داهاتووی ڕێژیمی ئێران، دۆخی ئابووریی ڕێژیمی ئێران، لەوەی کە ئێستا هەیە دژوارتر دەبێت و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکیش بەرفراوانتر دەبێت.

پێشتریش "فائیزە هاشمی ڕەفسنجانی"، كچی عەلی‌ئەكبەر هاشمی ڕەفسنجانی و نوێنەری پێشووی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، دانی بەوە داناوە، کە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە نێوەڕۆكیدا تووشی داڕمان بووە و ئەگەر بە ڕواڵەت ڕووخانەكەی هەست پێ ناكرێت، ئەوا بەو هۆیەیە كە خەڵک لە داهاتوویان نیگەرانن و نازانن دوای كۆماری ئیسلامیی ئێران چ كەسێک دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێت.