کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن ڕووحانی: ئێمە نەباین، شاری تەورێز لەنێو دەچوو

18:34 - 24 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئیدعای کردووە کە ئەگەر ئەوان گۆلی "ورمێـ"ـیان زیندوو نەکردبایەتەوە، ئەمڕۆکە شاری تەورێز بوونی نەبوو.

"حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە کۆبوونەوەی وەزیرانی تەندروستیی وڵاتانی ناوچەی مەدیتەرانەی ڕۆژهەڵات، ئیدعایەکی دوور لە ڕاستیی کردووە.

ناوبراو وتوویەتی: "یەکێک لە هەوڵەکانی ئێمە ڕزگارکردنی ١٤ ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران لە بۆرانی خوێ بووە؛ ئەگەر ئێمە گۆلی ورمێمان زیندوو نەکردبایەتەوە، ئەمڕۆکە شارێک به ناوی تەورێزمان نەدەبوو".

ڕووحانی لەو کۆبوونەوەیەدا باسی لەوەش کردووە: "ئێمە بۆ پاک و خاوێنی و تەندروستیی خەڵک هەوڵمان داوە و ئەگەر ئێمە نەباین ملیۆن‌ها کەس بەهۆی نەخۆشی و هەوای پیسەوە نەخۆش دەکەوتن".

ناوبراو باسی لە بوومەلەرزەی کرماشان کردووە کە لەو دۆخەدا دوای ٤٨ کاتژمێر، ٣٠٠ نەشتەرگەری بۆ نەخۆشەکان ئەنجام درا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئیدعای کردووە: "ئێمە نەخۆشیی دەروونیمان کەم کردووەتەوە، تێچووی نەخۆشخانەکانمان دابەزاندووە، دەرد و کێشەی نەخۆشەکانمان کەم کردووەتەوە" و کۆمەڵێک قسەی دیکە کە دوورن لەو ئامارانەی کە خودی ڕێژیم لەمبارەیەوە بڵاوی دەکاتەوە.

بەپێی دانپێدانانەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم، ئەو بودجەیەی بۆ زیندووکردنەوەی گۆلی ورمێ تەرخان کرابوو لە لایەن خودی کاربەدەستانەوە خواردراوە.

هەروەها تەرحەکانی بۆ زیندووکردنەوەی ئەو گۆلە داڕێژرابوون، ناکۆکیی لەگەڵ ژینگەی هەیە و زیانی قەرەبوونەکراو بە ژینگە دەگەیەنێت.

بەپێی ئاماری وەزارەتی "تەندروستـیـ"ـی ئێران، نزیک بە ٢١ ملیۆن کەس، واتە ٣٠ لەسەدی حەشیمەتی دانیشتووی ئەو وڵاتە تووشی نەخۆشییە دەروونییەکانن.

"ئیرەج حەریرچی"، وتەبێژی ئەو وەزارەتە باسی لەوە کردووە: "لە هەر ٤ کەس لە ئێراندا یەک کەس تووشی نەخۆشییە دەروونییەکانه".

تیچووی نەخۆش و نەخۆشخانەکان لە ئاستێکدایە کە هەندێک لە نەخۆشەکان توانای ئەوەیان نییە بڕۆنە نەخۆشخانە یان لە نەخۆشخانەکاندا ناهێڵن مەرەخەس بکرێن.

لەبارەی کێشەی بوومەلەرزەلێدراوان تەنیا کاربەدەستانی ڕێژیم سەردانی پارێزگای کرماشانیان دەکرد و هیچ تەرح و بەرنامەیەکیان بە دەستەوە نەبوو.