کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن ڕۆحانی: خەڵک پاش گەمارۆوەکانی ئامریکا هیوایان بە ژیان بەرز بووەتەوە

11:49 - 23 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، هەمیشە چەواشەکارییان وەکوو تەنیا ڕێگاچارەی خۆدەربازکردن لە دەست کێشەکان بەکار هێناوە.

حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ خەزەڵوەر لە کۆبوونەوەی شۆرای کۆمەڵایەتی باسی لەوە کردووە، "خەڵک پاش ١٣ی خەزەڵوەر لە بەراورد لەگەڵ پێشتر هیوا بە ژیانیان چووەتە سەرەوە، لە حاڵێکدا کە چاوەڕوانیان دەکرد، کە شتی تایبەت ڕوو بدات و هەموو ژیانی خەڵک تێک بچێت، بەڵام پاش هەمان ڕۆژ دیتمان ئەم چاوەڕوانییە هەڵەیە و هیچ کام لە ئیدعاکانی دوژمن بەکردەیی نەکرا.

لەم پێوەندییەدا بانکی ناوەندیی خودی ڕێژیم، ئاستی هەڵاوسانەکانی لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، هەتا ئاستی ١٥/٩ لەسەدی ڕاگەیاند، کە ئەم ڕێژەیە لە مانگی خەرمانان ١٣/٥ لەسەد و مانگی گەلاوێژ ١١/٥ لەسەد بوون و چەندین ڕاگەیاندنی ڕێژیم بەرەوپێشچوونی هەلاوسانەکانیان هەتا ئاستی ٥٠ و ٦٥ لەسەدی شیمانە کردووە و تەنانەت لەسەر ئەگەری وێنزئۆلاییبوون هۆشدارییان داوە.

ئەم قسانەی ڕۆحانی لە حاڵێکدایە، کە هیچ بەڵگە و دێکۆمنێتێکیان لە پشت نییە و ئەوەی کە بەرچاو دەکەوێت، تەنیا گرانیی کەلوپەلە سەرەتایییەکان و پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک و چوونەسەرەوە نرخی دۆلار و یورۆیە، کە تەنیا هەژاری و بێدەرەتانیی خەڵکی ئێرانیان لێ دەکەوێتەوە.