کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن ڕۆحانی: گەمارۆوەکانی ئامریکا بە زیانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانە

12:26 - 3 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: حەسەن ڕۆحانی لە پێوەندی لەگەڵ گەمارۆوەکان وتوویەتی: کە گەمارۆوەکانی ئامریکا تەنیا بە زیانی ئێران نییە، بەڵکوو بە زیانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانیشە.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕەزبەر، لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ کاناڵی "ئێن بی سی" ئامریکا، بەرنامەی دەوڵەتی ئامریکا بۆ گەمارۆ خستنەسەر کەرتی نەوتی ئێرانی بە نەکراو زانی.

ناوبراو سەرەڕای ڕەتکردنەوەی ئەگەری دانیشتن لەگەڵ ترامپ سەرکۆماری ئامریکا، ڕایگەیاند: "دانیشتن بە تەنیا گرینگی نییە، چونکە دانیشتن کاتێک ئەنجام دەدرێت، کە ئێمە هیوادار بین کە جیاوازی و ناکۆکییەکانمان کەمتر بووەتەوە و لەگەڵ ئامریکا بە چەند خاڵێکی ئەرێنی گەیشتبێتین، بەڵام ئەمڕۆ هیچ هیوایەکمان بە نیسبەت کارەکانی سەرکۆماری ئامریکاوە نییە و هیچ گرنگییەک لە دانیشتن لەگەڵ ئامریکادا نابینم".

لە لایەکی دیکەشەوە ترامپ جەختی لەوە کردبووەوە، کە بارودۆخی ئابووری ڕێژیمی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتربوون دەڕوات و پێشبینی کردووە، کە بە زووترین کات بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ دەوڵەتی ئامریکا دەست بە وتووێژ دەکەن.

ڕۆحانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بەرنامەی دانڵد ترامپ بۆ گەمارۆ خستنەسەر کەرتی نەوتی ئێران، نەک هەر تەنیا کردەیی نییە، بەڵکو مەترسیداریش دەبێت و ئێمە هیوادارین بتوانین لە چوارچێوەی یاسا نێوەدەوڵەتییەکان درێژە بە پێوەندییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ وڵاتان بدەین.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، لە ڕێکەوتی ١١ی پووشپەڕی ئەمساڵ هەڕەشەی کردبوو، کە ئەگەر بڕیاربێت نەوتی ئێران هەناردە نەکرێت، ئەوا نەوتی وڵاتانی دیکەش نابێت لە ڕێگەی گەرووی هۆرمۆزەوە هەناردە بکرێن.

قسەکانی ڕۆحانی لە پێوەندی لەگەڵ زەرەرمەندبوونی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە کاتێکدایە، کە ئەم کۆمپانیانە بە شێوەی یەک لە دوای ەک پێوەندییەکانی خۆیان لە ترسی کەوتنە نێو لیستی گەمارۆوەکانی ئامریکا لەگەڵ ئێران دەپچڕێنن.