کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەماسەی سنە ئەمجارە لە بانە خوڵقا

19:25 - 18 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: سەرباری هەموو هەڕەشەکان و بانگهێشت و زەختی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە، خەڵکی مانگرتووی ئەم شارە بۆ ٢٤ەمین ڕۆژی بەردەوام، درێژەیان بە مانگرتن دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆش ١٨ی بانەمەڕ پاش ٢٤ ڕۆژی بەردەوام خەڵکی ڕاساوی بانە، درێژەیان بە مانگرتنەکەیان دا و یەکگرتووانە دژی ڕێژیم و سیاسەتە دژەمرۆییەکانی وەستانەوە.

بەپێی دوایین زانیارییەکان دوێنێ ئەم ئێعترازانە چوونە فازێکی نوێ و خەڵک بە سووتاندنی قەبزی ئاو و بەرقی ڕێژیم، نارەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە دۆخی داسەپاو بەسەر شارەکەیان دەربڕی؛ هەروەها بەشێک لە دووکاندارەکان داوایان لە هاوپیشەییەکانیان کردووە کە جەوازکەسبەکانیان ڕادەستی ڕێژیم بکەنەوە یان بیانسووتێنن!

لە حاڵێکدا شاری بانە پێی نایە ٢٤ەمین ڕۆژی خۆڕاگرییە مێژووییەکەی کە چاودێرانی سیاسی ئەم یەکگرتووییە خەڵکییەیان شوبهاندووە بە حەماسە لەبیرنەکراوەکەی شاری سنە لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی کە ماوەی ٢٧ رۆژی کێشا دژ بە ڕێژیمی جەللادی خومەینی وتیان "نا".

هەرچەند ڕێژیم زۆری هەوڵ داوە کە لەڕێگەی دەستوپێوەندییە نەفس‌نزمەکانییەوە ڕیزی یەکگرتووی خەڵک سست بکات و بە بڵاوکردنەوەی درۆ و دەنگۆی ناڕاست دووبەرەکی بنێتەوە بەڵام نەیتوانیوە بە ئامانجە گڵاوەکانی بگات و تەقەلا بێ‌بنەماکەی ئیدارەی ئیتلاعات بووەتە بڵقی سەر ئاو!

پاش ٢٤ ڕۆژ لە خستنەڕووی داواکاری ڕەوا لەمەڕ کۆتایی هێنان بە سیاسەتی قڕکردن، ئەگەرچی ڕێژیم وڵامێکی کردەیی بە داواکارییەکان نەبووە بەڵام بانە توانیویەتی ببێتە مەکۆی لێفێربوون؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا چالاکانی سەر بە سینفە جۆراوجۆرەکانی وەک کرێکاران و بازاڕییان و مامۆستایان لە سەرانسەری ئێران لە دووتوێی کۆمەڵێک ڕاگەیەندراودا کە لە دنیای مەجازی بڵاو بووەتەوە داوایان کردووە کە پەیوەست بە مانگرتنەکانی بانە ببن و هاوشێوەی بانە دژ بە ڕێژیم و سیاسەتە نابەجێکانی بوەستنەوە.

بەپێی دوایین هەواڵەکان لاوانی شاری سنەش بە هەڵگرتنی پلاکارد و بەرزکردنەوەی درووشمی وەک "بانە تەنیا نییە، سنە پشتیوانییە" و "نا بۆ کوشتنی کۆڵبەران" پشتگیری خۆیان لە ویستی مانگرتووانی بانە دەربڕی.