کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی: ئامریکا دەستی لە هێرشی ئەهوازادا هەبووە

10:00 - 1 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: "عەلی خامنەیی" ڕێبەری باڵای ڕێژیمی ئێران وەک هەمیشە دەستی تۆمەتی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی درێژ کرد و ئەمجارەش وڵاتانی هاوپەیمانی ئامریکای بە هێرشەکەی ئەهواز تاوانبار زانی.

لەو داوی هێرشەکەی شاری ئەهواز بۆ سەر مانۆڕی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، "عەلی خامنەیی"  دوای ئەو ڕووداوە ڕایگەیاند، هێرشەکەی سەر مانۆڕی نیزامیی  لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران پێوەندی بە هاوپەیمانانی ئامریکا لە ناوچەکەدا هەیە و بڕیاری داوە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە دادگایی بکرێن.

خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران باسی لەوەش کردووە، ئەم تاوانە بەردەوامی پیلانی ئەو وڵاتانەی ناوچەیە کە بوکەڵەی دەستی ئامریکاییەکانن و ئامانجی ئەوان دروستکردنی نائەمنییه.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانان، لە کاتی بەڕێوەچوونی مانۆڕی نیزامیی ‌هێزە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران لە شاری ئەهواز، بە بۆنەی حەوتووی دەسپێکی شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عێراق تەقە کرا کە کوژار و بریندارێکی زۆری لێ کەوتەوە.

"حوسێن زادە" جێگری سیاسیی پارێزگاری ئەهواز باسی لەوە کردووە کە ٢٥ کەس لەو هێرشەدا کوژراون، بەڵام "موجتەبا ذلنوور" ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی نەتەوەیی مەجلیسی ئێران گوتوویەتی کە لەو هێرشەدا ٢٩ کەس کوژراون.

بەرپرسانی ئەمنییەتی و نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە بارەی ئەو هێرشە لێدوانی جیاواز دەدەن و هەموو لایەنێک بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تاوانبار دەکەن.

هەتا ئێستا بزووتنەوەی "ئەلئەحواز" ئەنجامی ئەو هێرشەی وەئەستۆ گرتووە کە پاسداری تێرۆریست " ڕەمەزان شەریف" وتەبێژی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانیش دەستی تۆمەتی بۆ ئەو بزووتنەوەیە درێژ کردووە.