کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی: شەرع سەرەکیترین سەرچاوەی یاسادانانە

11:30 - 7 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە دەرکردنی فەرمانێک، سیاسەتە گشتییەکانی سیستمی یاسادانانی ئەو ڕێژیمەی بە هەر کام  لە سێ دەزگای "یاسادانان، ڕاپەڕاندن و دادوەری" ڕاگەیاند.

"عەلی خامنەیی"، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی شەممە، ٦ی ڕەزبەر، لە ڕاگەیەندراوێکدا بە لەبەرچاوگرتنی بەندی یەکی ئەسلی ١١٠ی یاسای بنەڕەتی، سیاسەتە گشتییەکانی سیستمی یاسادانانی ئەو ڕێژیمەی بە بەرپرسانی سێ دەزگای "یاسادانان، ڕاپەڕاندن و دادوەری" ڕاگەیاند.

"خامنەیی" لەم ڕاگەیەندراوەدا نووسیویەتی: "سیاسەتەکان بەم دزگایانە ڕابگەیەندرێت، ئەم سێ دەزگایە دەبێ هەوڵەکان کاتبەندی بکەن و ڕاپۆرتی خۆیان بدەنەوە".

لە بەندی یەکەمی ئەم ڕێکارە کە  لە ١٧ بەنددا دیاری کراوە، بە بایەخدان بە پێوەرەکانی شەرع، وەکوو سەرەکیترین سەرچاوەی یاسادانان لە ڕێکخستن و پەسەندکردنی پرۆژەیاساکان لە ئێراندا، جەخت کراوەتەوە.

بەم پێیە، ئامانجی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕاگەیاندنی ئەم ڕێکارە، زیادکردنی ڕادەی دەسەڵاتی ڕێبەرییە.

لە ئێستادا لە ڕێساکانی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی ئێراندا، ڕێگا بۆ هەڵسوکەوتی سەروویاسایی و پێشێلکردنی یاسا لە لایەن ڕێبەری ڕێژیمەوە ئاوەڵایە.

بەپێی ڕای کارناسانی ماف و بەپێی ئەم ڕێکارەیە، "خامنەیی" لە سەرووی هەموو یاسایەکەوەیە و بۆ دەورلێدان و پێشێلکردنی مافی شارۆمەندان، دەستی ئاوەڵایە.

ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، پێشتریش وتویەتی کە بەرژەوەندییەکانی نیزام لە سەرووی هەموو شتێکە و بەم پێیە بەرژەوەندیی گشتی، هەمیشە پەراوێز خراوە.