کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی لە ترسدا بەردەوام فەرماندە باڵا نیزامییەکان دەگۆڕێت

11:31 - 11 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: پاش هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوە ئابوورییەکان، ڕێبەری ڕێژیم لە ترسدا بەردەوام فەرماندە باڵا نیزامییەکان دەگۆڕێت.

بەپێی هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی خودی ڕێژیم، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی بەفرانبار، خامنەیی، لە دوو حوکمی جیاجیادا، عەلیڕەزای تەنگسیریی وەکوو فەرماندەی هێزە دەریایییەکانی سپای پاسداران و عەلی فدەویی وەکوو جێگری هاوئاهەنگیکەری ئەم هێزە دیاری کرد.

خامنەیی ئەم جێگۆڕین و دیاریکردنە نوێیانەی بە مەبەستی، بردنە سەرەوەی "کاراییـ"ـی سپای پاسداران بۆ ئامادەبوونی زیاتر بۆ پارێزگاریکردن لە ڕێژیم و دەسکەوتەکانی ئەنجام داوە.

ناوبراو چاوەڕوانیی خۆی لە عەلیڕەزا تەنگسیری بەم شێوەیە دەربڕیوە: "بەکارهێنانی هێزە مرۆیییە دیندار و ئینقلابییەکان، بردنەسەرەوەی فێرکاریی، لێزانی، کەرەستە و پێداویستییە دەریایییەکان و بەدەستەوەگرتنی زانیارییەکان و هاوکات گەشەی بەردەوامی توانایی و ئامادەبوونی نیزامی و ......".

ئەگەرچی مەبەست و ئامانجی خامنەیی لە ڕوانگەی خۆیدا، تەنیا گەشەی بوارە زانستی و نیزامییەکانە، بەڵام ئەم دۆخە تەنیا ئەوە دەردەخات، کە ڕێژیم لە پێوەندی لەگەڵ مانەوە و بەرژەوەندییەکانی خۆی، ترسێکی لەڕادەبەدەری لێ نیشتووە و دەیەوێت ئەم ترسەی بە جێگۆڕکی و ئەملاوئەولاکردنی کەسە بەرچاوە نیزامییەکانی بڕەوێنێتەوە.