کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی: هەتا ساڵی ١٤٤٤ دەبێ ئێران ببێتە ٧مین وڵاتی جیهان

12:23 - 23 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئیدئۆلۆژییەکی نوێدا بڕیاری دا کە ئێران دەبێت هەتا ساڵی ١٤٤٤ی هەتاوی، وەک چوار وڵاتی یەکەمی ئاسیا و حەوتەمین وڵاتی جیهان بناسرێت.

ماڵپەڕی دەفتەری ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە "ابلاغیە"یەکدا بڵاوی کردووەتەوە کە دەبێ بەروە دەرگاکانی "تمدن نوین اسلامی ایرانی" (شارستانییەتی نوێی ئیسلامیی ئێرانی" هەنگاو بنێین. بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش بڕیاری بە هەموو ناوەند و دەزگانی ڕێژیم دراوە کە دەبێ کار بۆ گەیشتن بەو خاڵە بکەن.

خامنەیی لەو بڵاوکراوەیەیدا هێڵی گشتیی "الگوی پایە اسلامی ایرانی" شرۆڤه کردووە و جەختی کردووەتە کە دەبێ سەرجەم خاوەنڕا و دامودەزگانی حکوومەتی هەتا دوو ساڵی دیکە ئەو گەڵاڵەیە تەکمیل بکەن و بە چەشنێک کە لە سەرەتای سەدەی پازدەی کۆچی هەتاوی ئەو گەڵاڵەیە جێبەجێ بکرێت.

بەپێی ئەو گەڵاڵەیەی خامنەیی کە ئێران دەبێت هەتا ساڵی ١٤٤٤ی هەتاوی، وەک چوار وڵاتی یەکەمی ئاسیا و حەوتەمین وڵاتی جیهان بناسرێت.

بەپێی قسەکانی خودی خامنەیی ئەو گەڵاڵەیە بە بەشداریی چەند هەزار کەس لە خاوەنڕا و مامۆستایانی زانکۆ و حەوزە نووسراوە.

بە لێکدانەوەی خامنەیی لەو گەڵاڵەیە و جێبەجێکردنی، "دەسپێکی مبارەکی شارستانییەتی نوێی ئیسلامیی ئیرانی لە جوغرافیای ئێراندا دێتە دی".

هاوکات خامنەیی داوای لە کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکان، مەجلیس، دەوڵەت و زانکۆکان کردووە ئەو گەڵاڵەیە وەک چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی لە وڵاتدا کاری بۆ بکرێت.

بەشی هەره زۆری ئەو گەڵاڵەیە هەمان ئیدئۆلۆژیی شیعەگەرایی ڕێژیمە کە ئێستا پێڕەوی لێ دەکات.

بەپێی ئەو گەڵاڵەیە هەتا ساڵی ١٤٤٤ی هەتاوی، "خەڵکی ئێران خەڵکێکی دیندار، پێڕەوی قورئانی کەریم و سوننەتەکانی پێغەمبەر و ئەهلی بەیت، بە شێوەی ژیان و بنەماڵەی ئیسلامیی ئیران و ڕووحیەی جیهادی، یاسامەدار، پارێزەی ئەرزشەکان، شوناسی نەتەوەیی و میراتی شۆڕشی ئیسلامیی، ڕاهێنراو بە لێهاتوویی خۆیان بە پێوەری مەعنەوی، زانستی و شوغڵی خۆیانن، هەروەها هەست بە ئەمنییەت، ئارامش، ئاسایش، سڵامەتی ئومید به ژیان له ئاستی جیهاندا دەبن".

لەو بارەیەوە "ئاگری ئیسماعیل نژاد" چالاکی سیاسی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد چەندین قەیرانی گەورە لە ئێڕاندا هەیە کە هیچ هیوایەک نەمێنێت بۆ ئەوەی کە ئێران گەشە بکات، گەورەترین قەیران ئەوەیە کە دەسەڵاتدارییەتی خەڵک تەوەر نییە و هەموو شتێک بەستراوە بە هێزە بان سرووشتییەکان و خەڵک تەنیا ئەرکی هەیە و بێ مافه. دووهەمین ئەوەی کە لە ئێراندا ٥ نەتەوە هەیە کە هیچیان مافیان نییە و بگره هەوڵ داروه لە نێو فارسدا بتوێرێنیەوە. سێهەمینیش قەیرانی ئاوە کە ئاوی ناوەندی ئێران بەرەو تەواوبوون چووە که هاوکات لەگەڵ قسەکانی خامنەیی سەرۆکی ئاوی پارێزگای هۆرمۆزگان باسی لەوە کردووە هیچ ئاوێک لەو پارێزگایە نییە. چوارەمین قەیرانی قەیرانی کاتە کە ئیران هێز و توانای زۆری بێ دەسکەوت سەرف کردووە. پێنجەمین قەیران، قەیرانی گەشەی ناهاوسەنگە کە هەندێک پارێزگا لە بواری ئابووری و هەتا دوایی کاری لەسەر کراوە هەندێکش نا.

ناوبرا باسی لەوەش کرد کە ئێرانییەکان هەموو قەیرانەکان لە دوو ڕوانگەوە بۆی دەچن کە کێشەکان چارەسەر بکەن؛ یەکەم پاراستنی فارسییەت؛ دووهەم؛ پاراستنی ئایینی تشیع. هەتا بتوانن دەسەڵاتی خۆیان لەو ڕێگەوە بسەپێنن، هەر بۆیە چونکە ئەو ڕێژیمە بە شێوەی نالۆژیکی چاو لە قەیرانەکان دەکات هەتا چارەسەریان بکات، بەڵکوو زیاتر حەولی داوە کە مەسەلەکە بسڕێتەوە. ئەوەی کە خامنەی باسی لێوە کردووە تەنیا دروشمێکە وەک هەموو درووشمەکانی دیکەی ئەو ڕێژیمە.