کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی وەکوو هەمیشە، لە هەمبەر نەیارانیدا پەنای بۆ قسەی ناخۆش و بێئەدەبانەی برد

12:10 - 21 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، دەربڕینەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی لە بارەی ڕێژیمی ئێرانی بە "درۆ" و "زوڵملێکراونوێنی" ناو برد.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ڕێبەری ڕێژیم، خامنەیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی جۆزەردان لە لێدوانێکدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە "شمری سەردەم" و "منداڵکوژ" ناو برد و وتوویەتی: نێتانیاهوو لە ئورووپادا ملی کز دەکات و باس لەوە دەکات، کە ئێران دەیەوێت ئەوان لەنێو ببات".

ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە جەماڵ عەبدولناسر ، ڕێبەری پێشتری میسر، "دروشمی دەدا کە یەهوودییەکان دەخەینە نێو زەریاوە"، بەڵام ئێمە هەر لە سەرەتاوە وەها قسەیەکمان نەکردووە و گەڵاڵەیەکمان ڕاگەیاندووە و وتوومانە، بۆ دیاریکردنی چارەنووسی وڵاتی مێژووییی فلستین ڕوو لە خەڵکی فلستین بکەن.

قسەکانی خامنەیی و ئەو ئیدعایەی لە حاڵێکدایە، کە هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیان، دامەزرێنەری ڕێژیم "خومەینی" دەیان جار پێداگری کردبوو، کە دەبێت ئیسرائیل لەسەر گۆی زەوی بسڕدرێتەوە.

هەر لە پێناو ئەم سیاسەتە دەمارگرژانەی ڕێژیمی ئێران، هەموو دوایین هەینییەکانی ڕەمەزانان، کە لە لایەن خومەینییەوە بە ڕۆژی قودس ناودێر کراوە، بە نیشانەی ڕق و نفرەت خەڵکی ئێران ناچار دەکەن بێنە سەر شەقامەکان و بە دژی ئیسرائیل و یەهوودییەکان دروشمی بوغزاوییانە بڵێنەوە، هەر لە ڕۆژی قودسی ئەمساڵدا کە خەڵکێکی زۆر کەم لە ئێراندا بەشدارییان کردبوو، دروشمی نەمانی ئیسرائیل "دەوڵەتی یەهوودییەکانـ"ـیان وتووەتەوە.

خامنەیی کە لە ترس  و بە هۆی گوشارەوە پەنای بۆ ئەم قسانە بردووە، لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، لە لێدوانێکدا باسی لەوە کردبوو، کە "ئیسرائیل لە ڕۆژئاوای ئاسیادا شێرپەنجەیە و دەبێت لەنێو بچێت، ئەم کارەش دەکرێت و دەبێت بکرێت".

خامنەیی کە لە قسەکانیدا باس لە گەڵاڵەی چارەسەریی کێشەی فلستین و دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی فلستین دەکات، وەکوو ئەوە دەمێنێ کە خۆی پرسی نەتەوەکانی ئێرانی چارەسەر کردبێت و مافی چارەنووسییانی بە دەستی خۆیان دابێت و لە ئێراندا هیچ کێشە و گرفتێک نەبێت.