کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی: کێشەی بنەڕەتیی خەڵک ئەوەیە کە "خوداپەرست" نین

12:38 - 18 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا وتوویەتی کە کێشەی بنەڕەتیی خەڵک ئەوەیە غەیری خودا دەپەرستن.

"عەلی خامنەیی"، ڕێبەری ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی خۆیدا، بە هێنانەوەی حەدیسێک لە "ئیمام باقر"، باسی لەوە کردووە کە "دنیا" تێپەڕە و خەڵک ماڵپەرستە.

خامنەیی لە درێژەی شیکردنەوەی ئەو حەدیسەدا باسی لەوە کردووە کە کێشەی بنەڕەتیی خەڵک ئەوەیە کەسانێکی غەیری خودا بۆ خۆیان دەکەنە سەرباشقه.

ناوبراو وتوویەتی: "لە مێژوودا هەمیشە خەڵک شتێکی غەیری خودایان عیبادەت کردووە، بۆ نموونە  خەڵک بەندەی فێرعەونەکان بووە، بەڵام ئێستا بەندەی پارە، شەهوەت و پلە و پایەن".

ئەو قسانەی خامنەیی و شیکردنەوەی ئەو حەدیسەی "ئیمام باقر" لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران جیا لە کەمینە ئایینییەکان، موسڵمانن و خودا دەپەرستن.

کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە هەمیشە لە قسەکانیاندا باس لەوە دەکەن که کۆمەڵگا دەبێ دیندارتر بێت و خەڵک لە ئیسلام دوور کەوتوونەتەوە.

بەپێی خودی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، کاتێک بژێویی ژیان بۆ مرۆڤ دابین نەکرابێت، کۆمەڵگا تووشی هەژاری دەبێت و لە ئەنجامدا هەژاری دەبێتە هۆی ئەوەیکە مرۆڤ لە خۆیدا تووشی بێ بایەخی بکات.

لە دۆخی ئێستای ئێراندا کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە خۆیان سەرقاڵی گەندەڵی، دزی، تاڵان و بەفیڕۆدانی سامانی خەڵکن و خەڵکیش توانای دابینکردنی بژێویی ژیانیان نییە.

لە سەرووی هەمویانەوە خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران کە خۆی وەک بە نوێنەری خودا لەسەر عەرز دەزانێت، ئیمپراتوری ئابووریی ئێرانە.