کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاوەن بڕوانامە بەرزەکان دەسفرۆشی دەکەن

11:27 - 26 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە ئێراندا و بەهۆی نەبوونی هەلی کار، خوێندەواران و خاوەن بڕوانامە بەرزەکان ناچارن ڕوو لە کار و پیشەی وەک دەسفرۆشی بکەن.

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە چەند ڕۆژ پێش لێکۆڵەرێکی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کاناڵ ٥ی ئێران ڕایدەگەیەنێت کە زیاتر لە ٣٠%ی دەسفرۆشەکانی شاری تاران هەڵگری بڕوانامەی بەرزی دوکتوران و بەهۆی بێکاری و لە ڕووی ناچارییەوە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕوویان لە وەها کارێک کردووە.

چەند ڕۆژ پێش ئێستەش ڕۆژنامەی "باختر" ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە لاوێکی کورد بەناوی موسلێم نەجەفی بڵاو کردەوە کە هەڵگری بڕوانامەی دوکتورای عومرانە و ماوەی ٥ ساڵە لە شارەداری ناوچە ٧ی کرماشان کاری سپووری دەکات.

هەروەها سەعید نەمەکی جێگری بەشی کۆمەڵایەتی ڕێکخراوی بەڕێوەبەری و بەرنامەداڕێژی ئێران لە بەهاری ئەمساڵدا ڕایگەیاندبوو: ٤٢%ی بێکارانی ئێران دەرچووانی زانکۆ پێکی دەهێنن.

هەواڵدەریی مێهریش ماوەیەک پێش ئێستا ڕایگەیاندبوو: زۆرترین رێژەی بێکاری خوێندەواران لە گرووپی زانستەکانی کامپیوتێر، پاراستنی ژینگە، هونەر و زانستەکانی فیزیکە.