کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاکی سووتاو!

14:50 - 3 خەزەڵوەر 2716

کەریم پەرویزی

لەو شەڕە جیهانی و ناوچەییەدا کە لە مووسڵ بەڕێوە دەچێ و لە داهاتوودا بەرەو ڕەققە دەکێشرێ و ڕەنگە تا حەلەب و ئەدلەب درێژەی هەبێ، هێز و لایەن و بەرژەوەندیی جۆربەجۆر لە شەڕدان و بەتایبەتی بەرژەوەندیی ڕووسیە و ئامریکا دژبەری یەکن و شەڕی نیابەتی بە دەستی کەسانی دیکە بەڕێوە دەبەن. هەرچەند باس لەوە دەکرێ کە شەڕی مووسڵ زوو کۆتایی پێ بێنن، بەڵام ئاماژەکان پێمان دەڵێن کە ئەم شەڕە درێژماوە دەبێ و بە شێواز و لە شکڵی جودادا درێژەی دەبێ، تاکوو ئەو کاتەی هاوسەنگیی هێز و بەرژەوەندی پێک بێتەوە و زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان بگەنە جۆرێک لە هاوسەنگیی هێز کە ئیتر لەوە زیاتر نەتوانن بەرژەوەندییان دابین بکەن یان هەزینەی زەربەلێدان لە بەرژەوەندیی یەکدی بگاتە ئاستی مەترسی لە سەر بوونی خۆیان!

بەڵام ڕۆڵ و جێگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم شەڕدا زۆر جار فەرامۆش دەکرێ و لە لێکدانەوە و شیکاریی و تەنانەت هاوسەنگیی هێزدا لەبەرچاو ون دەکرێ، کە هەندێکی لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بەئانقەست دەکرێ و هەندێکیشی لە ڕووی ئاڵۆزیی پرسەکانەوە لە تەپوتۆزدا ڕۆڵی ئێران ون دەبێ.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بیرۆکەی ویلایەتی فەقیهیەوە و بە تەماحی هەناردەکردنی ئیدئۆلۆژیەکەی و بە پێناسەکردنی مەترسییەکانی سەر دەسەڵاتی، دەیەوێ ناوچەکە سیمایەکی دیکە بگرێتە خۆ.

دوای کشانەوەی هێزەکانی ئامریکا لە عێراق و دوای وتوێژەکانی نێوان ڕۆژئاوا و کۆماری ئیسلامی و ڕێککەوتنی بەرجام! کۆماری ئیسلامی دەرەتانێکی بۆخۆی هەست پێکرد و بە کردەوەیی دەیباتە پێش کە ستراتژیی بەرژەوەندییەکانی لە پەیوەستبوونی قوم بە دەریای مەدیترانەدا دەبینێتەوە. بۆیە باس لە قوم دەکرێ لەباتی تاران، تا وەبیرمان بێ کە تاران پێتەختی کارگێڕییە بۆ جێبەجێکردنی تەماحەکانی قوم!

پەیوەست بوونی قوم بە دەریای مەدیترانە، بە ناوچەیەکی بەرین و پڕ حەشیمەتی عەرەبی سوننی و هەندێک جار کورددا تێپەڕ دەبێ و ئەو خەڵکەی لە ناوچە دەژین، ڕێگەی تەماحەکانی قوم دژوار دەکەن، بۆیە بۆ کۆماری ئیسلامی پێویستە کە ئەو ناوچەیە وێران بێ و داری بەسەر بەردیەوە نەمێنێ و خەڵکەکەی جینۆساید بکرێن و لە شوێنی خۆیان دەر بکرێن تاکوو، کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی سوپای قودس و حەشدی شەعبی و ئەرتەشی بەشیعەکراوی عێراقی و حیزبوڵلای لوبنان و پارێزەرانی حەرەم و هێزەکانی دیکەیەوە، شارەکان جۆرێکی دیکە بونیات بنێتەوە و پێکهاتەی حەشیمەتیەکەی بگۆڕی و زۆرینەیان لە لایەنگرانی ئیدئۆلۆژیی قوم بن تاکوو بیرۆکەکانی قوم لە جەلەولاو سەعدیەوە و بە ڕێگای بەعقوبە و داقوق و کەرکووکدا بە مووسڵ بگەن و لەوێوە بەرەو ڕەققە و حەلەب بکشێن و بگەن بە لازقیە وتەرتووس و لە سەر دەریای مەدیترانەەوە چاو ببڕنە ئورووپا!