کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خولی نوێی مانگرتنی کامیۆنداران دەستی پێ کرد

12:41 - 2 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: کامیۆندارانی ئێران بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانیان  بۆ پێنجەمین جار مانگرتنی خۆیان دەست پێ کردەوە؛ خولی یەکەمی مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی کامیۆنداران لە مانگی جۆزەرداندا دەستی پێ کرد.

ڕۆژی ڕابردوو، ١ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاوی، کامیۆندارانی ئێران بۆ جارێکی دیکه بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر دۆخی پیشەییی خۆیان و گرانی و هەڵاوسان دەستیان دایە مانگرتنەوە.

ئەمە پێنجەمین خولی مانگرتنەکانی کامیۆندارانە و بڕیار وایه که بەپێی ڕاگەیەندراوی بڵاوکراودا، هەتا ١٠ی بەفرانبار درێژە بکێشێت.

پێشتر یەکیەتیی دامەزراوەکانی کامیۆنداران و شۆفێرەکانی سەرتاسەریی ئێران به دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک ڕایگەیاند: هیچکام له داخوازییەکانی شۆفێرەکان تا ئەم ڕێکەوتە جێبەجێ نەکراوە و جارێکی دیکه ئاشکرا بوو، که هیچ کەسێک لەم حکوومەتەدا لە بەرانبەر کێشەی ئەو توێژە زەحمەتکێشەدا خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.

خولی یەکەمی ئەم مانگرتنه لە مانگی جۆزەرداندا بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر کەمبوونەوەی پارەی کۆمیسیۆن، کەمبوونی نرخی کرێ  دەستی پێ کرد.

لە مانگی ڕەزبەردا، خواستەکانی کامیۆنداران بەرینتر بووەوە، ئەوان زۆرتر به کەمبوونی کرێ و هەروەها کەمبوونەوەی پشکی سووتەمەنی ناڕازی بوون.

لەم مانگرتنانەدا زیاتر لە ٢٥٦ کەس گیران و دادستانی گشتیی ڕێژیمیش، هەڕەشەی لەسێدارەدانی لێ کردن، بەڵام ئەوان بەبێ گرنگیدان به هەڕەشە و سەرکوتکارییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم، مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی خۆیان درێژە پێ داوە.