کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خولی نوێی ناڕەزایەتییەکان دەستی پێ کرد

16:56 - 5 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: شۆرای هاوئاهەنگیی کرێکارانی هێڵی ئاسن به دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک داوایان لە هەموو کرێکارانی ئەو بەشەی لە کۆمپانیای هێڵی ئاسن کرد کە ناڕەزایەتی دەربڕن.

بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، ٦ هەزار و ٥٠٠ کرێکاری بەشی فەنی لە ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەرەوە، بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ لە سەرتاسەریی ئێراندا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.

کرێکارانی ڕێی ئاسن، پێشتریش لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا، لەمەڕ نەدانی مووچەکەیان، نادیاربوونی گرێبەستیی کاری و دۆخی سەختی کار، لە شارە جۆراوجۆرەکاندا ناڕەزایەتییان دەربڕی و مانیان گرت.

بەرپرسانی ئەم کۆمپانیا بەڵێنی جێبەجێکردنی داخوازییەکانی ئەم کرێکارانەیان دابوو، بەڵام بە وتەی شۆرای هاوئاهەنگی کرێکاران بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە تەنیا مووچەی ٢٢ کرێکار دراوە، وتی: بەرپرسان بەڵێنەکەیان شکاندووە.

داخوازییەکانی کرێکارانی ئەم کۆمپانیایە بریتین: دانی بیمەی دەرمانی، پاکانە حەسێبی تەواوی مووچەکە، لابردنی گرێبەستە کاتییەکان و بەستنی گرێبەستی کاری دایم، پێشگرتن لە دەرکردنی کرێکارەکان لەژێر ناوی تەعدیل و ڕاگەیاندنی ڕێکەوتی دانی مووچە.