کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خولێکی فێرکاریی زمانی کوردی له کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو

12:22 - 11 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: بە مەبەستی فێرکردن و خوێندنەوە بە زمانی دایکی خولێکی فێرکاریی زمانی کوردی لە یەکێک لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ناوەندی فێرکاریی زمانی کوردیی "هاوڕاز" بۆ فێرکردن و نووسین بە زمانی دایکی، لە شاری پیرانشار خولێکی فێرکاریی بەڕێوە برد و بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێ هات.

لەو خولەی فێرکارییەدا ١٤ فێرخوازی زمانی کوردی، لە تەمەنی جیاوازدا بەشدار بوونە و ئەو فێرخوازانە دوای فێربوون و نووسین بە زمانی کورد، توانیان بڕوانامەی کۆتایی وەربگرن.

یەکێک لە مامۆستایانی ئەو فێرگەیە ڕایگەیاندووە، بڕیارە لە داهاتوودا خولێکی دیکەی فێرکاریی زمانی کوردی بۆ ١٨ فێرخوازی دیکە بەڕێوە ببەین.

فێرگەی زمانی کوردیی "هاوڕاز"، خولەکانی فێرکاریی خۆی، لەژێر دروشمی "زمان ناسنامەمانە" بەڕێوە دەبات.

مادەی پازدە کە لە یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی ئێراندا نزیک به چل ساڵە پەسەند کراوە و باس لەوە دەکات کە نەتەوەکانی ئێران دەتوانن بە زمانی دایکیی خۆیان لە تەنیشت زمانی فارسی بخوێنن و بنووسن، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە، سەرەڕای ئەمە خەڵکی کورستانی ڕۆژهەڵات خۆیان هەوڵ دەدن فێری زمانی کوردی ببن.