کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی زانکوی تاران بەنیسبەت قسەکانی "حەسەن ڕووحانی" ناڕەزایەتییان دەربڕی

11:32 - 25 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، کە بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی زانکۆکان و ناوەندەکانی توێژینەوە، سەردانی زانکۆی تارانی کردبوو، لەگەڵ ناڕزایەتیی خوێندکاران ڕووبەڕوو بووەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەزبەر، خوێندکارانی زانکۆی تاران، هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی ''حەسەن ڕووحانی'' بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی زانکۆکانەوە، سەرەڕای ئەوەی کە جەلەسەکەیان بەجێ هێشت، بە کۆبوونەوە و خۆپیشاندان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

خوێندکاران بە بەدەستگرتن و بەرزکردنەوەی پلاکارت و بەستنی دەمی خۆیان، سەبارەت بە "کردەوەکانی ڕووحانی، ڕەخنە هەڵنەگریی ڕێژیم و نەبوونی تریبوونێک بۆ چالاکییە سێنفییە خوێندکارییەکان"، ناڕەزایەتییان نیشان دا.

لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، خوێندکاران لەهەمبەر دەسبەسەرکردنی دەیان کەس لە هاوڕێیانیان کە لە بەندیخانەکاندان و هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی "شەهرییە"ی زانکۆکان، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

خوێندکارانی ناڕازی بۆ جارێکی دیکە بەڵێنییەکانی "حەسەن ڕووحانیـ"ـیان لە هەمبەر گەڕاندنەوەی ئەو خوێندکارانەی کە بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە وەدرنرابوون، هێنایەوە بەر باس.