کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی زانکۆی ئازادی سنه، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

12:39 - 24 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: خوێندکارانی زانکۆی ئازادی شاری سنە، لە هەمبەر لابردنی بەشی پەرستاری لەم زانکۆیەدا، دەستیان داوەتە ناڕەزایەتیدەربڕین.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی، خوێندکارانی زانکۆی ئازادی شاری سنە، لە دژکردەوەی لابردنی بەشی پەرستاری لەم زانکۆیە لە حاڵێکدا کە پارەیان داوە و ڕەوتی ناونوووسینیشیان تەواو کردووە، لە بەرانبەر بینای کارگێڕیی ئەم زانکۆیەدا کۆ بوونەوە و خوازیاری وڵامدەربوونی بەرپرسانی زانکۆ بوون.

بەپێی هەواڵێک کە لە هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیرنا" بڵاوکراوەتەوە، یەکێک لە خوێندکارانی ناڕازی باسی لەوە کردووە، "زۆرینەی خوێندکارەکان، ژمارە و کارتی خوێندکارییان هەیە و بە ماوەی یەک حەتووش لە کلاسەکاندا بەشدارییان کردووە".

بەرپرسی زانکۆ وتوویەتی: وەزارەتی بێهداشت و دەرمان، مۆڵەتی وەرگرتنی خوێندکار لە ڕشتەی پەرستاریی بەم زانکۆیە نەداوە. ناوبراو هەروەها وتوویەتی: لە وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بێهداشتدا هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کیشەیە دەدەم.

وەزارەتی بێهداشت و دەرمانی ڕێژیم، لە پێناو بەڕێوەچوونی گەڵاڵەی پەرستاریی نەخۆشخانەکان، دەفرایەتیی وەرگرتنی خوێندکار لە بەشی پەرستاری کەم کردووەتەوە. لە لایەکی تریشەوە، ناوەنده پیشەیییەكانی پەرستاری گەڵاڵەی پەرستارانی نەخۆشخانەکانیان بە زیانبەخش و وەکوو گەڵاڵەی کاروەرزی ناو بردووە.

زانکۆی ئازاد یەکێ لە زانکۆوەکانی ئێرانە کە بۆ وەرگرتن و ناونووسینی خوێندکاران پارەیەکی زۆر وەردەگرێت و لە ئەگەری نەدانی ئەو پارەیەدا، خوێندکارەکان لە تاقیکارییەکانی کۆتایی ترم و درێژەدان بە خوێندن بێبەری دەبن.