کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی کورد لەسەر پرسە نەتەوەییەکانی خۆیان جەخت دەکەنەوە

10:22 - 30 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان، لە ڕێوڕەسمێکدا کە بۆ خوێندکارانی نوێی ئەو زانکۆیە بەڕێوەچوو، لەسەر پرسە نەتەوەییەکانی خۆیان جەختیان کردەوە و پشتیوانیی دووبارەی خۆیان لە کوردستانی ڕۆژئاوا دەربڕییەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەر، لە زانکۆی پەیامی نووری مەریوان، ڕێوڕەسمێک بۆ خوێندکارانی نوێی ئەو زانکۆیە بەڕێوەچوو و خوێندکاران پرسی نەتەوەیی خۆیان و کێشە کۆمەڵایەتییە هەوسارپچڕاوەکانی کۆمەڵگایان خستە بەر باس.

ئەم ڕێوڕەسمە، لە لایەن خوێندکارانی بەهەڵوێستەوە، بە ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و ئەم شەهیدانەی دوایی کوردستانی ڕۆژئاوا دەستی پێکرد.

لە ناوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا، وێڕای پشتیوانیی دووبارە لە خەڵکی بێتاوانی کوردستانی ڕۆژئاوا، هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا شەرمەزار و مەحکووم کرا و باس لەوە کرا کە نە "سایس پیکۆ" توانی کورد بسڕێتەوە و نە هەوڵەکانی ئێستای داگیرکەرانی کوردستان.

لەم ڕێوڕەسمەدا، ڕەخنەی توند لە بەڕێوەبەریی وڵات گیرا و ئەم بابەتانە باسیان لێوە کرا: "بێکاریی خەڵک بەگشتی و بێکاریی دەرچووانی زانکۆ بەتایبەتی؛ دۆخی قەیراناویی ئابووریی ئێران؛ دۆخی شپرزەی پەروەردەی وڵات و...".

هەروەها چالاکانی خوێندکاریی زانکۆی ناوبراو، خوێندکارانی نوێی زانکۆیان لەبارەی ئەرکەکانیان وەکوو خوێندکاری کورد ئاگادارکردەوە و لەسەر پرسە نەتەوەییەکان جەختیان کردەوە.

لەم ڕێوڕەسمەدا، چەندین بەرنامەی تر پێشکەش کرا.