کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێنی هاوبەش

22:57 - 15 خەرمانان 2719

کەریم پەرویزی

خوێنی وەکوو یەک، یان بەواتایەکی دیکە جۆری خوێنی نزیک لە یەک، وەکوو پێناسە و پێوەرێک بۆ نزیکایەتیی مرۆڤەکان باسی لێ دەکرێ. بۆ وێنە لە کەلتووری کوردەواریدا کاتێک باس لە کەسێکی کە لەباری بنەماڵەییەوە نزیک لەو کەسەیە کە قسەی لەسەر دەکا، دەڵێ لە خوێنی خۆمە، یان هاوخوێنین. ئەم "لە خوێنی خۆمە" یان هاوخوێنییە بەو واتا و ئاماژەیە بەکار دەبرێ کە زۆر نزیکن لەیەک و پێوەندییەکی کۆمەڵایەتیی نزیکیان پێکەوە هەیە.

باسی هاوخوێنی و لەخوێنی یەکتر بوون، گەیشتۆتە باسی پێناسەی نەژاد و نەتەوەش. لێکۆڵینەوە و لێوردبوونەوە و تاقیکاریی زۆر کراوە کە خوێنی هاوشێوە و نزیک لەیەک چ کاریگەرییەکی لەسەر جەستە و سیما و هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان هەیە و نەژادی جیاواز لە چیدا جیاوازن و لەنێو گرووپەکەدا چ هاوشێوەبوونێکی خوێنییان هەیە.

هەر لەم پێوەندییەشدا تیۆریی تایبەت لەسەر نەتەوە و پێناسەی نەتەوەیی هاتۆتە ئاراوە و یەکێک لە فاکتۆرەکانی نەتەوەبوونی کۆمەڵێک مرۆڤیان بە فاکتۆری خوێن بەستۆتەوە کە لەباری ژێنێتیک و شێوازی خوێنییەوە هاوشێوە و لێک نزیک بن.

یەکێکی دیکە لە تیۆرییەکانی نەتەوەبوونیان بە خەبات و ئیرادەی خەڵک بەستۆتەوە کە هەر گەلێک کە ئیرادەی هاوبەشیان هەبێ و لەپێناوی ئەو ئیرادە هاوبەشەدا خەبات بکەن، لە ڕەوتێکی مێژووییدا پیناسەیەکی نەتەوەیی دەگرنە خۆ.

گەر دێینە سەر کورد، کاتێک ئاوڕ لە هەموو ڕابردووەکەی دەدەینەوە و فاکتۆرە جۆربەجۆرەکانی هەڵدەسەنگێنین، دەگەین بەو ئاکامەی کە بەپێی هەموو ئەو فاکتەرانە، نەتەوەیەک جیا لە هەموو نەتەوەکانی دیکە و پاژێک لە نەتەوەیەکی دیکە نییە، بەڵکوو خۆی نەتەوەیەکی جیاواز و بە تایبەتمەندیی نەتەوەیی خۆیە.

یەکێک لە فاکتۆرە هەرەگرنگەکانیش کە لەوبارەوە نەتەوەبوونی کورد دەسەلمێنێ، فاکتۆری خوێنە.

ئێستە گەر لە فاکتۆری نەژادیی زۆر ورد نەبینەوە و زۆر قووڵی بۆ ڕۆنەچین، لەوێشدا  هەر کورد خاوەن خوێنی تایبەتی خۆیە کە پارامێترە ژێنێتیکییەکانی دیاری دەکا، بەڵام گرنگتر لەوە فاکتۆری خوێنە وەکوو خەبات و ئیرادەی نەتەوەیی.

کورد نەک لە پێناوی ئیرادەی نەتەوەییدا خەباتی درێژماوە و ماناداری کردووە، بەڵکوو زۆرجار خوێنی لەسەر خاکی کوردستان تێکەڵ بەیەک بووە. لە کوشتار و کۆمەڵکوژییە فراوانەکاندا کە داگیرکەران بەسەریاندا هێناوە، فیشەک و مووشەکی داگیرکەر، جیاوازیی لەنێوان ناو و ناسنامەی تاک و گرووپیی قوربانیاندا نەکردووە، بەڵکوو تەنیا بەهۆی کوردبوونەوە خوێنی ڕشتوون.

لە دوای فەرمانی جیهادی خومەینییەوە بگرە، تا کوشتاری شار و گوندەکان و تاکوو بۆمبارانی شارەکانی کوردستان و تاکوو دەرمانداوکردنی کادر و پێشمەرگەی کوردستان و ژن و منداڵەکانیان و تاکوو پێکەوەئێعدامکردنی لاوانی کورد و تاکوو مووشەکبارانی تێکۆشەرانی کورد و ژن و منداڵەکانیان، لە هەموویاندا کورد وەکوو نەتەوەیەک خوێنی تێکەڵ بەیەک بووە و بەدەست یەک دوژمن خوێنی رژاوەتە سەر خاکی کوردستان.

ئەم خوێنە هاوبەشەیە کە پێکەوەبوونی نەتەوەیی بەرپا دەکا.