کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆ پیشاندانێک بە بۆنەی ۲۲ی پووشپەڕ لە بێرلین بەڕێوەچوو

17:44 - 25 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ساڵڕۆژی تیرۆری شەهید د. قاسملوو خۆپیشاندانێک لە بێرلینی ئاڵمان بەرێوەچوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی لە شاری بێرلین-ی ئاڵمان خۆ پیشاندانێک بە بۆنەی ٢٨مین ساڵوەگەڕی شەهید بوونی د. قاسملوو و شەهید عەبدوڵا قادری ئازەر لە گۆڕەپانیبڕاندێن بۆرگ تۆر بەڕێوەچوو.

سەرەتای گردبوونەوەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە شەهیدانی سەربەرزی گەلی کورد دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاڵمان لە لایەن رەشید رەحمانی بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن خوێندرایەوە.

رەحمانی لە قسەکانی دا ئاماژەی بەوە کرد کە: لە ماوەی ٢٨ ساڵی ڕابردوودا نەتەوەی کورد بەبێ پسانەوە و بە ڕێگای جۆراوجۆردا داوای لە حکوومەتی ئوتریش کردووە کە عامیلانی تیرۆری رێبەرانی کورد بکێشێتە بەردەم دادگا و سزایان بدا بەڵام بەداخەوە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی وڵامێکی بە داخوازی رەوای کورد نەداوەتەوە و بەوەش هەم دەرگای بەڕووی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاواڵە هێشتۆتەوەو هەمیش شکۆی داد، حکوومەت و خەڵکی ئوتریشی شکاندووە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیامەدا هاتبوو: دەزگای دادی ئاڵمان و حکوومەتی ئەو وڵاتە لە جەرەیانی تیرۆری میکۆنۆس کە بووە هۆی شەهیدکردنی د. سادق شەرەفکەندی و سێ لە هاوڕێیانی توانیان تیرۆریستان دەستگیر و عامیلانی ئەو تیرۆرەش کە بریتی بوون لە عەلی خامنەیی، هاشمی رەفسەنجانی، عەلی فەلاحیان و موحسین رەزایی بە ڕای گشتی بناسێنن و کۆماری ئیسلامی سزا بدەن، وڵاتی ئاڵمان بەو هەڵوێستە جوامێرانەی توانی ڕێگری لە درێژەپێدانی تیرۆری زیاتری چالاکانی سیاسی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە جیهان و بەتایبەت لە ئۆرووپا بکا و هەمیش شکۆ و هەیبەتی وڵات و خەڵکەکەیان بپارێزێ و بەوەش وەک یەکێک لە بەهێزترین وڵاتان سەلماندی کە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی لە وڵاتەکەیان جێی نابێتەوە و لەم ساڵانەی دواتریش لە شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی سەلماندەوە، هەربۆیە گەلی کورد هەرگیز بریاری بوێرانەی وڵاتی ئاڵمان لە بیر ناکات و بۆ بریاری دروست و مرۆڤ دۆستانەیان سپاس و پێزانینی هەیە. ئێمە لە ساڵڕۆژی تیرۆری رێبەرانماندا داوا لە حکوومەتی ئاڵمان دەکەین کە بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی دەیان ساڵ خەبات لە دژی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و ڕاگرتنی شکۆ و هەیبەتی دەزگای داد و گەلی ئاڵمان، رێنوێن و هاندەری حکوومەتی ئوتریش بن بۆ گەڕانەوەی شکۆی لە دەست چوویان بە هۆی یارمەتیدانی تیرۆریستان و داوایان لێ بکەن کە عامیلانی تیرۆری شەهید د. عەبدولرەحمان قاسملوو و هاوڕێکانی ڕاپێچی دادگا بکەن و چیدیکە خۆیان شەمەزاری ئازادی و دێموکراسی، گەلی چەوساوەی کورد و ڕێبەری ئاشتیخوازمان و مامۆستای زانکۆ د. قاسملوو و هاوڕێکانی نەکەن.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکەدا پەیامی ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکاران لە لایەن هەرکام لە فەرزانە رەزەوی و رامیار مینبەری و هەروەها پەیامی کومیتەی حیزبی دێموکرات بە زمانی ئاڵمانی لە لایەن سیاوەش محەممەدی خوێندرانەوە.

لەو خۆپیشاندانەدا وێرای ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دیموکرات ژمارەیەک لە نوێنەرانی پارت و رێکخراوە کوردییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بەشدار بوون و بەو بۆنەوە پەیامیان خوێندەوە.

پێویست بە ئاماژەپێدانە کە بە سەدان نوسخە لە بەیاننامەی کومیتەی حیزبی دێموکرات بە زمانی ئاڵمانی لە نێو هاووڵاتیانی ئاڵمان دا بڵاو کرانەوە.