کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆری نیشتمانی کوردان لە گەلاوێژدا هەڵدێت

13:25 - 13 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بۆ جارێکی دیکە، نیشتمان بە ڕەنگی گەلاوێژ دەڕازێتەوە و ڕێبوارانی مەکتەبی چوارچرا، یادی ٧٤ ساڵەی خەباتی حیزبی دێموکرات زیندوو ڕادەگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی پێشوازی لە ٧٤ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لەم پەیوەندییەدا، وەفادارانی دێموکرات، ڕۆژی ١٢ی گەلاوێژ، بە ئەنجامدانی چالاکیی بەرینی تەبلیغی و نووسینی دروشم لە گوندی "گونبەد"ی ناوچەی سۆمای ورمێ، پشتیوانیی خۆیان لە خەباتی حیزبی دێموکرات دەربڕی.

دروشمەکانی ئەو چالاکییە بریتی بوون لە: "بژی دێموکرات، بژی قاسملوو، ڕێگای شەهیدان درێژەی هەیە، حیزبی دێموکرات فێرگەی بەرگری و شۆڕشە".

هەروەها ڕۆڵە بەجەرگەکانی دێموکرات لە شوێنێک بە ناوی "قەمچی شەریف"، لە گوندی "گەلێنـ"ـی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی و نووسینی دروشم، تیشکێک لە هەتاوی خەباتی دێموکراتیان لە گەلاوێژدا، خستە نێو دڵی ئازادیخوازان.

دروشمەکانی ئەو چالاکییەش بریتی بوون لە: "بژی حدکا، بژی قاسملوو، بژی دێموکرات و گەلێن قەڵای دێموکرات".