کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆزگە تاوێ لەگەڵ ویژدانی خۆت دەدوای

15:30 - 28 گەلاوێژ 2718

دارین

چەند وتەیەک لەگەڵ ئەو کەسانەی کوردن وچەکی رێژیمیان لە شان کردووە و لە ئەدەبیاتی کوردیدا بە (جاش، بەسیج وسیخوڕ) ناسراون، وەک کەوی دەنوک بە خوێنی قەوم سوور دژ بە نەتەوە و نیشتمانی خۆیان راوەستاون وبوونەتە پارێزەری دوژمنی قەستەسەری خۆیان.

ئێوە کێن؟ ئێوە زۆر باش دەزانن بە رەگەز،  بەزمان وبە خوێن کوردن، کوردیش گەورەترین نەتەوە‌ی بێ دەوڵەتە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا کە خاوەنی ئاڵا ‌و نوێنەری‌خۆی نییە. ‌‌وڵاتی تۆ کوردستانە، نیشتمانی‌ تۆ هەر لە ساڵی١٥١٤ زایینەوە بە شێوەی کرداری لە نێوان دوو‌ ‌ئێمپراتۆری سەفەوی و عوسمانیدا دابەش‌کراوە دواتر ئەو‌کردارە لە ١٦٣٩ بەفەرمی کراوە. بەدوای شەڕی یەکەمی جیهانی بەداخەوە سەر لەنوێ دابەش بوونێکی دیکە بەخۆوە دەبینێ، ئەمجار بەسەر چوار دەوڵەتی‌ کۆن و دەستکرددا دابەش دەبێتەوە پرسی کورد زیاتر لەوەی هەیە ئاڵوزتر دەکات. لەوکاتەوە ڕەوتی پێشێلکردنی مافی‌کورد دەکەوێتە چوارچێوەی یاساییەوە بەڵام کورد هەر لە حکوومەتی مادەکانەوە تا میرنشینەکان و لەدایکبوونی کۆمارە مێژووییەکەی کوردستان و دەگاتە حکوومەتی ئێستای هەرێم لە بۆ وەسەریەک خستنەوەی نیشتمان وگەڕانەوەی شکۆی کورد و ئازادی و سەربەستی خۆی لە خەبات و قوربانیدان سڵی نەکردووە لەو راستایەدا دەیان ڕووباری خوێن لە بەرجەستەی دایکی نیشتمانت رۆیوە کە دەریایەکی سووری لە مێژوودا بۆخۆی تومار کردووە.

بۆیە ئاشی شۆڕش بە خوێنی لاوانی بە هەست و شۆڕشگێر دەگەڕێ ئێمەی کورد بۆگەیشتن بە ئازادی دەبێ ئەو نرخە بدەین و لە خوێندان باکمان نەبێ. ئێمە بەو کۆستانە ڕاهاتووین، خاراوی کۆڕە کۆستەکانین، لەمێژە لە رێبەری گەورە و نەمرمان دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو فێر بووین لە سەرکەوتندا لەخۆبایی نەبین و لە نسکۆدا دەستەوەستان نەوەستین.

 بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە:

تۆی هاوخۆین و هاوئایین ڕووم لە تۆیە و لەگەڵ تۆ دەمهەوێ بدوێم و پێت بڵێم بۆچی و لەسەرچی رووت لەدوژمن وپشتت لە نەتەوە و نیشتمان کردووە، بوویتە چاوساغ و ڕێ پاککەرەوی دوژمنێک کە بە درێژایی مێژوو هەتاسەر ئێسقان دژ بە نەتەوە ونیشتمانی تۆیە.

بە هەموو هێزو تواناوە هەوڵی داوە و دەدات بۆ ئاسمیلەکردنی نەتەوەی تۆ، بۆ سڕینەوەی شوناسی نەتەوە و نیشتمانەکەت، بۆ خا‌پورکردنی زێدی باوانت، بۆ تواندنەوەی کەلتوری رەسەن و جێگیرکردنی فەرهەنگێکی جیاواز و نامۆ بۆ قەدەغەکردنی زمانی دایک و داماڵینی جلی جوان و باوی کوردەواری ساتێ لە دژایەتی نەتەوەی تۆ نەوەستاوە، لە هەمووی گرینگتر داگیرکردنی خاک و پێشێلکردنی ماف و شکاندنی شکۆ وکەرامەتی ئینسانی تۆی تاک وکۆی کورد‌ لە بیرو‌مێشکی ئەودا لە پلەی یەکەم دێ، لەباری یاسایی بەئەرک و لەبوار ئایینی بە تەکلیف لەسەر خۆی بە واجب دەزانێ.

بۆیە بکەران و قاتڵانی سمکۆ، پێشەوا، قاسملوو، شەڕەفکەندی وهەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە گڕگرتەوە. سەرەڕای هەمووی ئەوانە سەیری فەرمانی فتوای جیهادە بەدناوەکەی پیری جەماران (لە ٢٨ی گەلاویژی ١٣٥٨ ) لەکورد بکە، هێرشەکانی سەدەی نوێی ژ- س و قەمە بەدەستەکانی قۆم وتاران بۆ سەر دەیان شاروگوندی رۆژهەڵات لە وێنەی قاڕنا و قەڵاتان... تەنانەت ڕوحمیان بە مناڵ، پیر و مامۆستای ئایینی قورئان لەسەر دەستیش نەکرد، هەموویانی خەڵتانی خوێن کردن. ئەمانەی تۆ خزمەتیان پێدەکەی هەر هەموویان دوژمنی قەستەسەری نەتەوە و نیشتمانی تۆن!
شاعیر وتەنی

هەموو ڕۆژێ دەگەڵ کازیوە ئەنگوت دەچم بۆ ڕاوێ...

لەسەر ئەو حاڵەڕا بێ قەدرو حورمەت

قەفەز جێگای منە بێ دان و خزمەت

ئەگەر ڕۆژێکی کەو نەکرێن قەڵاچۆ

ئەبێ لێی داڕنن باڵ و پەڕوو پۆ

کە بۆ فەوتانی هۆزت تێدەکۆشی

دەژین دا چۆن ئەبینی خێرو خۆشی

تۆ بەجوانیت، بە نەتەوە، بەنیشتمان، بەئایین، بە شەرەف، بە کەرامەت، بەویژدان سوێند دەدم تۆزێک بیر بکەوە چاو بکەوە لەو دەوروبەری خۆت بڕوانە لەگەڵ ویژدانی خەوتووی خۆت بدوێ بزانە چەندە وچۆن لە زلکاوی خەیانەت کەوتووی خەریکە نوقم دەبی، چەندە لەکاروانی پێشکەوتن و گەل پەرەستی بەجێ ماوی چەندە رووزەردی لە ئاستی دایکی نیشتمانی جەستە پڕ لەزامی ساڕێژ نەبووت.

 دەگوێ گرە لەو ئامۆژگارییە بە نرخانەی پێشەوای کورد(قازی محەممەد) کە دەفەرمێ:

ڕۆڵەکانم وەسییەتتان بێ باوەڕ بە دوژمن مەکەن... پاشان ئەو بەشەی فەرموودەکانی ڕووی لە ئێوەیە کە دەڵێ: کاتی ئەوە هاتووە تۆزی پاشکەوتوویی لە خۆت داماڵی و ڕێگای پێشکەوتن بگریە بەر و شوێنێ لە جیهانی شارستانییەتدا بدۆزییەوە و چیدیکە پاشکۆ و چاو لەدەست نەبی بۆ چەند ڕۆژێک ژیانی بێ قیمەتی ئەم دونیایە خۆتان مەفرۆشن بە دوژمن، چونکە دوژمن، دوژمنە و جێگای باوەڕ پێکردنێک نییە خیانەت بە یەکتر مەکەن، نە خیانەتی سیاسی، نە گیانی، ماڵی و ناموسی چونکە خیانەتکار لای خودا و مرۆڤ سوک و تاوانبارە! خیانەت بەڕووی خیانەتکاردا دەگەڕێتەوە. 

 لەخۆت ناپرسی چۆن سێرە لەسینگی پڕ لەئەوێنی برای شۆرشگێر و پارێزەرەکەی نیشتمانت دەگری. چۆن لەشەوی تاریک بۆیتە ڕێ پاکەرەوی دوژمن ،بەچ ئەقل ومەنتیق ویژدانێک دەبێ بەدڕکێ سەر ڕێگا بە بەری پێ سواوی رێبواریکی ماندو شەکەت رۆ دەچی .چون گوێ دەگری لە قاقی دوژمنێک کە بەپۆستاڵەوە پێ لەسەر لەشی بێ گیانی برای هاوخوێن و دراوسێت دادەنێ، دەزانی بەعەقڵ و نەزانینی تۆ شاگەشکە دەبێ!؟

بە بارقەڵایەک ومەبلەغێ پارە ویژدانی تۆ وهاوخوێن و دراوسێ دەکڕێ. ئاخر پێم ناڵێی تۆ لە ئاستی خوێنی ئەو کەسەی کە لە پێناو ڕزگاری وگەرانەوەی ئێرادەی گەل‌، کەرامەت، شکۆ و سەروەریدا گیان دەبەخشێ چ وڵامێکت هەیە!!؟.

تۆ بەگیانی ئەو کەسەی کە خۆشت دەوێ و دەی پەرستی چاوت بە روخساری دایکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری نەتەوە ونیشتمان هەڵدێ.

ئاخر هاوسەر، کوڕ، کچ، برا، خۆشک ، دایک وباب... هەموویان ئەگەر لەحاڵی ژیاندا لۆمەت دەکەن دڵنیا بە دوای مردنی سەرشۆڕانەی تۆ بێگومان لە گۆڕیشدا بە نەعلەتت دەکەن. دەزانی بۆ چونکە ئەوانیش لەژیرسێبەری ژیانی رەشی تۆدا هەست دەکەن لەتاریکیدا دەمێنەوە، بۆیە لە دونیای سەرفەرازیدا چاویان بەخۆری ئازادی هەڵنایە لەو کاتەدا گوڵی سوور لە بەرۆکی دایک و روڵەی شەهید دەدن وئەوان جلی سوور لەبەردەکەن هی تۆ هەست بە مۆرکی شەرمەزاری وجلی رەش دەکەن. کەوابوو لە ژیان و رابردووی تۆ نەفرەت دەکەن؛  رۆژێ دێ لە حسرەتان خۆ لە تۆ بێبەری ‌بکەن .

کەوابوو لە مێژە گوتویانە زەرەر لە نیوەش بگەڕێتەوە هەرقازانجە لە با و باران هەر لە عومری بەفر دەچێ. عەقڵ و مەنتیق پێت دەڵێ هەزار گوناح ویەک تۆبەی راستەقینە دەتوانێ لە زەلکاوی خەیانت ڕزگارتان بکات.

دەبا دەماری غیرەتتان ببزوێ بە هەڵکێشانی ئاخێک ویژدانتان وەخەبەر بێ وپشت لەدوژمن روو بەنەتەوە ونیشتمان وەستن و دەست لە نێو دەستی برای راستەقینەت نێ. با ویژدانی ئازارچێشتوی سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەت بەهەڵکێشانی هەناسەیەکی راحەت پشوویەکیان بێتەوە بەر و بە سەربەرزیەوە لە نێوکۆڕی جەماوردا سەر هەڵبڕن و ئیدی هەست بە شەرمەزاری و رووزەردی نەکەن. ئەوسا دڵنیابن ئێوەش دەکەونە نێوباوەشی‌ گەرمی گەل .

مراد ما نصیحت بود و گفتیم

حوالت با خدا کردیم و رفتیم

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.