کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بۆ پشتگیری لە زیندانییانی سیاسی، مانگرتنی کوردستان و خووزستان بەڕێوە چوو

22:47 - 2 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بۆ پشتگیری لە زیندانییانی سیاسی، مانگرتنی کوردستان و خووزستان خۆپیشاندانێک لە شاری هامبۆرگی ئاڵمان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە شاری هامبۆرگ خۆپیشاندانێک لە لایەن ناوەندی پشتگیریی خەباتی گەلانی ئێران بۆ پشتیوانی لە زیندانییانی سیاسی، خۆپیشاندانەکانی خووزستان و مانگرتنی خەڵکی کوردستان بەڕێوە چوو.

لەو خۆپیشاندانەدا پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات، لە وڵاتی ئاڵمان بە زمانەکانی کوردی و ئاڵمانی خوێندرایەوە.

لە بەشێک لەو پەیامەدا ئاماژە بەوە کرابوو، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ماوەی ٤٠ ساڵ تەمەنی پڕ لە جەنایەت و ڕەشەکوژیی خۆیدا، یەکێک لە بەرچاوترین ڕێژیمە تۆتالیتێر و دیکتاتۆرەکانی ناوچەی خۆڕهەڵاتی نێوەڕاست بووە. وڵامی هەر چەشنە مافخوازی و ناڕەزایەتییەکی بە ئاگر و ئاسن داوەتەوە و بەتایبەتیش بە توندترین شێوە لە دژی نەتەوەکانی ئێران وەستاوەتەوە. بە شێوازی سەدە نێوەڕاستییەکان ژنان دەچەوسێنێتەوە و لە هەر جۆڕە دەربڕینێکی ئازاد ڕێگری دەکات. بە ڕێگای تێرۆر لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، زیندانی کردن، ئەشکەنجە، ئێعدام و هێرش بردن بەرەنگاری چالاکانی سیاسی و مەدەنی بووەتەوە.

لە پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتدا، وەرزی نوێی خۆپیشاندانەکانی ئێران و کوردستان خرایە ڕوو و لە پێوەندییەدا هاتبوو: بە هۆی ناکارامەیی لە بڕێوەبردنی وڵات، ئێرانی تووشی قەیران و هەرەسهێنانی ئابووری کردووە و بەتایبەتیش لە کوردستان دۆخی ژیان و گوزەرانی گەلی کوردی بۆ ئاستی ژێر هێڵی سفر دابەزاندووە. سیاسەتی ناکارامەی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا بووەتە هۆی دەربڕینی ڕق و بێزاریی گەلانی ئێران و بەتایبەتیش گەلی کورد. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ی زایینییەوە گەلانی ئێران بێپسانەوە لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاپەڕیون و هەروا درێژە بە دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان دەدەن. لە کوردستان بە سەدان کەس لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە گیراون و حوکمی درێژماوەیان بە سەردا سەپاوە. چەندین چالاکی سیاسی کورد و بەتایبەتیش ڕامین حوسێن‌پەناهی و هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە دادگایەکی فەرمایەشی چەند خولەکیدا و بە تاوانی دژایەتی لەگەڵ خودا حوکمی لەسێدارەدانیان بە سەردا سەپاوە. لە یەک مانگی ڕابردووشدا ناڕەزایەتییەکان لە پێناو باشترکردنی ژیان و گوزەران لە شارەکانی ئەهواز و دەوروبەر درێژەی کێشاوە، کە بە توندترین شێوە حکوومەت بەرەنگاریان بۆتەوە. لە یەکێک لەو پەلامارانەدا بۆ سەر خوێندکارانی زانکۆ، زۆر دڕندانە ئاگریان لە چەند خوێندکارێک بەرداوە و گیانیان لێ ئەستاندون و بە سەدان کەسیش گیراون. لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا کوردستان بە مانگرتن و خۆپیشاندانی هێمنانە جارێکی‌ تر لە دژی ناعەداڵەتی و سیاسەتی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە گەلی کورد وەستاوەتەوە، کە ئەو جارەشیان لەگەڵ هێرش و گرتن بەرەوروو بووتەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، داوا لە هەموو وڵاتانی جیهان، ڕێکخراوەکانی مافی مڕۆڤ و هەموو تاکێکی دێموکرات و ئازادیخواز دەکات، کە جیتر ئیزن بە سەرەڕۆیییەکانی کۆماری ئیسلامی نەدەن و بەرەنگاری ببنەوە. مێژووی چل ساڵ دەسەڵاتی شەڕخوازانەی ئەو ڕێژیمە و دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی ناوچە و یارمەتیدانی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکانی هاوشێوەی و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان بۆ هەموو لایەکی سەلماندووە، کە هەتا ئەو کاتەی لەسەر حوکم بمێنێ، جیهان ئاشتی و ئاسایش بە خۆیەوە نابینێ.