کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی ئێران بەڕێوە چوو

10:17 - 7 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: لە وڵاتی ئاڵمان خۆپیشاندانێک بۆ پشتوانی لە زیندانیانی سیاسی و ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی ئێران بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، لە شاری هامبۆرگی ئاڵمان خۆپیشاندانێک بە مەبەستی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و بە تایبەت "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام و هەروەها پشتیوانی لە مانگرتنەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.

لەو خۆپیشاندانەدا کە بە هاوبەشیی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە باکووری ئاڵمان و ناوەندی پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ئێران بەڕێوە چوو که پەیامی کۆمیتەی حیزب لە لایەن "هوشیار ئەحمەدی" ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خوێندرایەوە.

لە پەیامەکەی حیزبی دێموکراتدا جەنایەتەکانی ڕێژێمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرهەق بە گەلی کورد بە گشتی و بەتایبەت زیندانیانی سیاسی و لەناویاندا هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزان، کوشتنی کۆڵبەرانی کورد و هێرشی مووشەکی بۆ سەر حیزبی دێموکرات ، کردەوە تێڕۆریستییەکان و دەستتێوەردانی لە کاروباری وڵاتان و ئاژاوەنانەوە ئاماژەی پێکرابوو.