کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بە مەبەستی مەحکووم کردنی فەرمانی بەدناوی جیهادی خومەینی لە وڵاتی نۆروێژ ئەنجام درا

23:52 - 30 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانێک لە وڵاتی نۆروێژ بە مەبەستی مەحکووم کردنی فتوای جیهادی خومەینی دژی خەڵکی کوردستان بەڕێوە چوو.

لەسەر داوای کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، کاتژمێر ٣ بۆ ٤ی ئێوارە، بە مەبەستی مەحکووم کردنی فتوای جیهادی خومەینی بە دژی خەڵکی کوردستان، لە ساڵڕۆژی دەرکردنی ئەو فتوایەدا و لە ساڵوەگەڕی دەستپێکردنی هێرشی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر گه‌ل و بزووتنەوەی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، بۆ شەرمەزار کردنی ئەو بڕیارە کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و کەسایەتی و ئەندامان و لایەنگرانی هێزە کوردستانییەکان لە بەردەم باڵوێزخانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئۆسلۆی پێتەختی وڵاتی نۆروێژدا کۆ بوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

سەرەتا لە لایەن ئیبراهیم کۆنەپۆشی یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو بەرنامەیە،‌ بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا و سەرنجێکی کورتی خستە سەر ئەو کارەساتە خوێناوییەی کوردستان کە بە هۆی فتوای خومەینی ئەنجام دراوە، هەروەها پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکان کە بەو بۆنەوە ئامادە کرا بوو، لە لایەن فەردین سەڵواتییەوه‌ پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

دواتر شنۆ شەریعەتی پەیامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانی، لە بارەی ئەو کارەساتە و شۆڕشی کوردستان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

هەروەها لە ناوئاخنی بەرنامەکەدا هەموو ئامادەبووان بە دروشمی کوردی، فارسی و نۆروێژی ناڕەزایەتیی خۆیان بۆ ئەو فتوا نابەجێیەی خومەینی و هەروەها دژی كۆماری ئیسلامی ئێران بە دەنگی بەرز دەر بڕی.