کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە چوو

10:36 - 11 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لە وڵاتی ئاڵمان خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران و دژی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، خۆپیشاندانێک بە هاوکاریی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ئاڵمان و ناوندی پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ئێران لە شاری هامبۆرگ بەڕێوە چوو.

لە خۆپیشاندانەکەدا پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە لایەن "شیرین حەبیبی" بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کۆمیتەی ناوچەی باکووری ئاڵمان خوێندرایەوە.

حەبیبی لە بەشێک لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کردووە: "کۆماری تێرۆریستیی ئیسلامیی ئێران کە لە هەوڵەکانی بۆ کپکردنی بزووتنەوەی ڕەوای کورد تووشی شکست هاتووە، هەموو کاتێک هەوڵی داوە بە ڕێگای تێرۆری ڕێبەران، کادر و پێشمەرگەکانی کوردستان، بۆمباران و بەتایبەت مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات، گەلی کورد لەسەر خواستە نەتەوەیییەکانی پاشگەز بکاتەوە، بەڵام گەلی قارەمانی کورد نە تەنیا تەسلیمی خواستی جەنایەتکارانەی کۆماری ئیسلامی نەبووە، بەڵکوو بەگوڕتر لە جاران و لە ڕووپەڕێکی نوێی خەباتدا لەژێر ناوی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بەو ڕێژێمە جەنایەتکارە درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی دەدا و لەو پێوەندییەدا پاڵپشتیی خەباتی گەلانی ئێران و بەتایبەت خۆپیشاندانەکانی دوو ساڵی ڕابردوو و مانگرتنی کرێکارانی هەفت‌تەپە و کامیۆنداران و هەموو هێز و لایەنێکی ئازادیخوازیی دێموکرات دەکا و خەباتی خۆی لە پێناو کۆتاییهێنان بە تەمەنی پڕ لە تاوانی ڕێژێم و بونیاتنانی ئێرانێکی فیدراڵی دێموکرات لە شار و شاخ چڕتر دەکا و بۆ ئەو مەبەستەش حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای نۆ حیزب و لایەنی کورد و باقی نەتەوەکانی ئێران لێکتێگەیشتنێکیان لەسەر بنەمای " ئێرانێکی دێموکرات و فیدراڵ و ڕێزگرتن لە مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان و کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان" واژۆ کردووە و داوا لە تێکڕای حیزبە ئازادیخواز و دێموکراتیکەکانی گۆڕەپانی سیاسیی ئێران دەکا، وێڕای پشتیوانیکردن لەو لێکتێگەیشتننامەیە، بە کردەوەش پێوەی پێوەست ببن".

لە درێژەی ئەو خۆپیشاندانەدا شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات له ئورووپای ناوەندی، وتارێکی پێشکەش کرد.

 نەقشبەندی لە قسەکانیدا وتی: "حیزبی دێموکرات هەر لە سەرەتاوە ماهیەتی دژی مرۆیی کۆماری ئیسلامی ناسیوە و هەموو کاتێک لەسەر ئەو باوەڕە بووە، کە مانەوەی ڕێژیم بۆ گەلانی ئێران جگە لە کوشتار و هەژاری و ماڵوێرانی و تەنانەت لە ئاستی جیهانیشدا هیچ بەرهەمێکیتری نییە و پێداگرین لەسەر ڕووخانی ئەو ڕێژیمە جەنایەتکارە. بۆ ئەو مەبەستەش پشتیوانی لە هەموو جۆرە خەباتێکی ڕەوای گەلانی ئێران و بەتایبەت مانگرتن و خۆپیشاندانی کرێکارانی هەفت‌تەپە و مانگرتنی شۆفیری ماشینە بارهەڵگرەکان و هەموو چین و توێژەکان دەکەین".