کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک دژی ڕێژیمی ئێران لە بریتانیا بەڕێوە چوو

16:35 - 25 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: کوردانی دانیشتووی بریتانیا و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی لە خەباتی مافخوازانە و ڕەوای خەڵکی ئێران، خۆپیشاندانیان لەو وڵاتە بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، کوردانی دانیشتوی بریتانیا بە گشتی و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی، بۆ پشتیوانیکردن لە جووڵانەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین و خەباتی مافخوازانە و ڕەوای، گەلی زوڵم لێکراو و چەوساوەی عەرەب لە ئێران، بەتایبەت لە شاری ئەهواز و دەوروبەری و هەروەها بۆ ئیدانەکردن و مەحکوومکردنی سەرکوتی ئەم ناڕەزایەتییانە، لە لایەن ڕێژیمی کۆنەپەرست و جەلادی ئیسلامیی ئێرانەوە، خۆپیشاندانێکیان لەبەر دەرگای باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە شاری لەندەن بەڕێوە برد.

خۆپیشاندانەکە کاتژمێر١ی پاش نیوەڕۆ بە بەشداری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چەندین حیزب و گرووپی عەرەب و بەلوچی ئێرانی دەستی پێکرد و لە ماوەی دوو کاتژمێری خۆپیشاندانەکەدا بە چەندین زمانی جیاواز دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بۆ پشتیوانی لە گەلانی ژێرستەمی ئێران و بەتایبەتی گەلی عەرەب دروشم درا.

لە کۆتاییدا هەموو حیزبە بەشداربووەکان بە جودا بەیاننامەیان خوێندەوە و بەیاننامەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش لە لایەن ڕامبود لووتف پووری خوێندرایەوە.
ئەو خۆپیشاندانە کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ کۆتایی هات.