کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکان بۆ پشتیوانی لە کوردستانی ڕۆژئاوا بەردەوامە

11:04 - 21 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و کوردستانی باشوور، بۆ پشتیوانیکردن لە کوردستانی ڕۆژئاوا و مەحکوومکردنی هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا بەردەوامە و لە بەرانبەردا ڕێژیمی ئێران فەزای شارەکانی مێلیتاریزە کردووە.

بەپێی هەواڵ و زانیارییە بڵاوکراوەکان، خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ پشتیوانی لە کوردستانی ڕۆژئاوا، سەرەڕای هەبوونی دۆخێکی ئەمنیی چڕ و دەستبەسەرکردنی خەڵکی خۆپیشاندەر بەردەوامە.

لەو خۆپیشاندانانەدا دروشمگەلێک وەک: "ڕۆژئاوا تەنیا نییە، ڕۆژهەڵات پشتیوانیە؛ مەرگ بەر دیکتاتۆر؛ کوردستان گۆڕستانی فاشیستان"، بێزاریی خۆیان لە هێرشەکانی داگیرکەرانی خاکی کوردستان دەربڕیوە.

هەروەها لە چەند شاری کوردستانی باشووریش خۆپیشاندانەکان بۆ پشتیوانیکردن لە کوردستانی ڕۆژئاوا و هەروەها مەحکوومکردنی کوشتنی خەڵکی سیڤیل و بێتاوان دەستی پێکردووە و بەردەوامە.

هەر لەو پێوەندییەدا لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، کۆمەڵێک لە خۆپیشاندەران لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە لە شارەکانی مەریوان و سنە و هەروەها بەردەم باڵوێزخانەی تورکیە لە تاران، دەستبەسەر کراون.

هێزەکانی ڕێژیم لەو ڕێگایەوە هەوڵی پێشگرتن بە خۆپیشاندانەکانی خەڵکیان داوە و لە لایەکی تریشەوە، بانگەشەی مەحکوومکردنی هێرشی تورکیە و پشتیوانی لە خەڵکی کوردستانی ڕۆژئاوا دەکەن.